نیوەی پزیشكانی رووسیا متمانەیان بە ڤاكسینی سپۆتنیك نییە

:: PM:05:11:15/08/2020 ‌

دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا بەرهەمهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنای لەلایەن وڵاتەكەی راگەیاند، شارەزایانی تەندروستی لە رۆژئاوا گومانیان خستە سەر ڤاكسینەكە بەوەی قۆناغەكانی كۆتایی تاقیكردنەوەكانی تەواو نەكردووە و پەلەی لێ كراوە، راپرسییەك دەری دەخات نیوەی پزیشكانی رووسیا نایانەوێ ڤاكسینەكە بەكار بێنن.
ڤاكسینەكە لە كۆتایی ئەم مانگە دەخرێتە روو
ئەو راپرسییە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجام دراوە و زیاتر لە سێ هەزار پزیشك بەشداریان تیایدا كردووە و لەلایەن ماڵپەڕی "ئار بی سی"ی رووسی بڵاو كرایەوە، كاتێك 52%ی پزیشكان رایان گەیاند كە ڤاكسینەكە وەرناگرن، واتە رەتی دەكەنەوە بەكاری بێنن، 66%شیان ئاماژەیان بۆ كەمی زانیارییەكان كرد كە كاریگەربوونی دەسەلمێنێت. 

ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی تەندروستی رووسیا، رای گەیاند كە مۆسكۆ بە كردەنی دەستی بە بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە كردووە، سەرەڕای هەڵمەتی گومانخستن بۆ سەر سەركەوتوویی و سەلامەتی بەكارهێنانی، كاتێك رووسیا پێشتر گوتبووی، ئەو ڤاكسینەی پەیمانگەی "گامالیا" لە مۆسكۆ و وەزارەتی بەرگری رووسیا پەرەیان پێ داوە، یەكەم ڤاكسینە بۆ چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەم بهێنرێت و لە كۆتایی مانگی ئاب دەخرێتە روو. 

48%ی پزیشكان باسی ئەوەیان كرد كە ڤاكسینی سپۆتنیك بە خێراییەكی زۆر پەرەی پێ دراوە، لەوكاتەی 20%ی پزیشكانی بەشدار لە راپرسییەكە رێنوێنی وەرگرتنی ژەمی ڤاكسینەكەیان كرد، ئۆلیگ سالاگای، جێگری وەزیری تەندروستی رووسیا لەبارەی ئەنجامی راپرسییەكە گوتی، ئەنجامەكە یەكسانە و پێشبینی زیادبوونی لایەنگرانی بەكارهێنەرانی ڤاكسینەكە دەكەین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل