منداڵێک بە شەش مانگی لەدایک بوو

:: PM:03:37:23/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایكبوون ڕای دەگەیەنێت، منداڵێك لە نەخۆشخانەكەمان بە 27 هەفتەیی لە دایك بوو و ئێستە تەندروستی جێگیرە.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی ئاب، شوان تەحسین بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایكبوونی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نەخۆشخانەی لە دایكبوون منداڵێك بە 27 هەفتە لە دایك بوو، لە كاتێكدا منداڵی ئاسایی بە 37 بۆ 40 هەفتە لە دایك دەبێت.

زۆر زووتر لە كاتی خۆی هاتووەتە دنیاوە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایكبوون گوتی، منداڵەكە ڕەگەزی كوڕە و بەنەشتەرگەری لەدایك بووە، واتا زۆر زووتر لە كاتی خۆی هاتووەتە دنیاوە.

باسی لەوەش كرد، ئەم منداڵە بۆ ماوەی 34 رۆژ خەوێنرابوو لە بەشی منداڵە ناكامەكانی نەخۆشخانەكەمان لەژێر چاودێری پزیشكیدا بوو و تەندروستی باش نەبوو، بەڵام دوای ماندووبوونێكی زۆر، ئێستە شیر دەخوا و بەتەندروستییەكی باش لە نەخۆشخانەكەمان دەچوو.

بەشێوەیەكی گشتی بەشی زۆری منداڵ لە تەمەنی 40 هەفتەیی لە دایك دەبن و لە دایكبوونی منداڵ بە 27 هەفتە بەشی زۆری بە گیان لەدەستدان كۆتایی دێت.



وشە - رامیار جەواد