كوڕێكی سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە زانیاری لەبارەی باوكییەوە ئاشكرا دەكات

:: PM:09:28:25/08/2020 ‌

دوای ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژ بوو چارەنووسی خدر كەریم، سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە نادیار بوو، ئەمڕۆ دوای عەسر دۆزرایەوە، لەوبارەوە كوڕێكی ئەو بەرپرسەی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە، دووپاتی كردەوە كە تەندروستی باوكیان زۆر باشە و ئێستە لە ماڵەوەیە.
مۆبایل و ئۆ‌تۆمبێلی لەگەڵ خۆی نەبردووە
 سرەوت خدر، كوڕی سەرۆكی پێشوی شارەوانی هەڵەبجە، بۆ "وشە" ڕای گەیاند، تەندروستی باوكم زۆر باشە و ئێستە لە ماڵەوەیە، لەلایەن كەسوكاری خۆمان لە باوەكۆچەك دۆزرایەوە، كە  بۆ پیاسەكردن ڕۆیشتبوو بۆ ئەوێ، زۆركات ئێواران بۆ پیاسەكردن بە پێ دەڕوات بۆ ئەو گوندەی خۆمان. 
 لەبارەی هۆكاری نەگەڕانەوەی باوكیان بەو شێوەیە، سروەت گوتی، تا ئێستە ئەو پرسیارەمان لێ نەكردووە بۆ نەگەڕاتەوە و ناشزانین، هۆكارێكی دیاریكراو نییە، جارێ نامانەوێ ئەو پرسیارانەی لێ بكەین، كە دۆزیمانەوە، هیچ شوێنەوارێكی ئازاردانی پێوە دیار نەبوو، نەخۆشی نەقرەسی هەیە.

شایەنی باسە خدر كەریم، لەلایەن كەسوكارییەوە لە شێوێكی باوەكۆچەك دۆزراوەتەوە و لەكاتی دۆزینەوەی داوای ئاوی كردووە، لەكاتی دەرچوونی لە ڕۆژی 23/8/2020 سەعات شەشی ئێوارە، مۆبایل و ئۆ‌تۆمبێلی لەگەڵ خۆی نەبردووە، ماڵی لە گەڕەكی كانی ئاشقانە لە هەڵەبجە، "وشە"، هەوڵی دا لەگەڵ خدر كەریم قسە بكات، بەڵام كەسوكاری گوتیان رێگە نادەین قسە بكات.

 خدر كەریم محەممەد، ساڵی 1956لە باوەكۆچەك لە هەڵەبجە لەدایك بووە، لە ساڵی 2005 تا 2015 سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بووە، لە ساڵی 2008ەوە جێگری سەرۆكی شارەوانییەكانی جیهانە تا ئێستەیش لەو پۆستەیە.

 هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل