بەرانێک بە نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار فرۆشرا

:: AM:11:27:29/08/2020 ‌
سێ ئاژەڵداری سكۆتلەندی بەرانێکیان بە بەهای 367 هەزار  و 500 پاوند كڕی كە بە دۆلار دەگاتە 411 هەزار دۆلار. مەبەست لە كڕینی بەرانەکە ئەوەیە وەچە بخاتەوە كە بە باشترین جۆری بەران لە دنیادا هەژمار دەكرێت.

11  ساڵ لەمەوبەریش هەر لە سكۆتلەندا مەڕێك بە نرخی 231 هەزار پاوەند فرۆشرا، ئەوكات وەك گرانترین مەڕی دنیا ناوەكەی لە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان تۆمار كرا.

یەكێك لە ئاژەڵدارە كڕیارەكان گوتوویەتی، بەرانەکە لە نەژادی تكسلە و باشترین بەرانە كە لە تەمەنیدا بینیویەتی و ئاماژەی داوە، لە كڕینی ئەو بەرانە زیان ناكات و بەو بەرخانەی لە داهاتوودا لە دایك دەبن، دەتوانرێ خەرجییەكە دەربهێنێتەوە.
گۆشتەكەی لە باشترین جۆری گۆشتی مەڕ لە دنیادا هەژمار دەكرێت

بەگوێرەی دۆیچەویلە، سەرچاوەی ئەم جۆرە بەرانە دوورگەیەكی هۆڵەندایە و گۆشتەكەی لە باشترین جۆری گۆشتی بەران لە دنیادا هەژمار دەكرێت و جگە لە هۆڵەندا و سكۆتلەندا لە بەریتانیا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، ئەمەریكا و ئۆرگوا بەخێو دەكرێت.

فرۆشتنی بەرانێک بە 410 هەزار دۆلار لە كاتێكدایە نرخی مەڕێكی ئاسایی كەمتر لە 500 دۆلار دەكات.


وشە - سلێمان تاشان