زۆرن ئەو هونەرمەند و ئەستێرانەی بەهۆی شێرپەنجەوە كۆچی دواییان كردووە، بەڵام وەك ژمارە زۆر نین كە بەهۆی هەمان نەخۆشی بە گەنجی سەریان ناوەتەوە. پێگەی "فەرفیش" كە بایەخ بە هونەرمەندان و كارەكانیان دەدات و پێگەیەكی میسرییە، لەوبارەیەوە ئاماژە بە ناوی ژمارەیەك هونەرمەندی ناودار دەكات كە هەر بەگەنجی بەهۆی شێرپەنجەوە كۆچی دواییان كردووە.
دانا عەباس لە تەمەنی 21 ساڵی بە شێرپەنجە مرد
مێرنا موهەندیس كە ئەستێرەیەكی دیاری سینەمای عەرەبی بوو، هەر بەگەنجی تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بوو وێڕای وەرگرتنی چارەسەر، لە 37 ساڵیدا سەری نایەوە. بەدوایدا سەماكاری ناودار نەعیمە عاكف كە میسرییە، ئەویش بەهۆی شێرپەنجە لە رێخۆڵەكانی، بەهەمانشێوە لە تەمەنی 37 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
تۆمی عمرانی سعوودی كە لە بواری مۆدێل ناوێكی زۆر دیار بوو، ئەویش هەر بەگەنجی تووشی شێرپەنجە لە مێشك بوو، لە تەمەنی 36 ساڵیدا سەری نایەوە. دانا عەباس كە لەدوای مردنی كەسوكاری رایان گەیاند بەهۆی شێرپەنجەوە كۆچی دوایی كردووە، كەچی ئەو تەمەنی 21 ساڵیی تێپەڕ نەكردبوو.
رەجا بەلمەلیح كە گۆرانیبێژی زۆر ناوداری دنیای عەرەبی بوو و تا ئێستە هەندێك لە گەنجەكان گۆرانییەكانی دووبارە دەكەنەوە، لەدوای 40 ساڵییەوە تووشی شێرپەنجەی مەمك بوو، بەڵام كاتێك تەمەنی گەیشتە 45 ساڵی، بەهۆی هەمان نەخۆشی سەری نایەوە.
ناهید شەریفیش كە لە سینەمای میسری و عەرەبیدا ئەكتەر و ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری بوارەكەی خۆی بوو. ئەو لە ساڵانی حەفتاكاندا وەك ئەستێرەی سینەمای میسری ناسرایەوە. ئەویش تووشی شێرپەنجەی مەمك بوو و لە 36 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
بێگومان ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی شێرپەنجە بە گەنجی سەریان ناوەتەوە زیاترن، عامر مونیب لە تەمەنی 43 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. عەبدوڵا مەحموود لە تەمەنی 41 ساڵیدا تووشی شێرپەنجەی مێشك بوو و كۆچی دوایی كرد. محەمەد فەوزی لە 48 ساڵیدا بەهەمان نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
نادیە كەیلانی لە تەمەنی 38 ساڵیدا بە شێرپەنجەی مەمك سەری نایەوە، هالە فوئادیش لە تەمەنی 35 ساڵیدا بەهەمان نەخۆشی كۆچی دوایی كرد. ئەنوەر وەجدی لە تەمەنی 50 ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی گەدە كۆچی دوایی كرد.