نانسی بە كاریگەرترین هونەرمەند لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەچێت

:: PM:03:26:03/09/2020 ‌
خاتوونە هونەرمەندی لبنانی نانسی عەجرەم كە لە بواری گۆرانیی عەرەبیدا وەك ئەستێرەیەكی گەورە تەماشا دەكرێت. بەپێی گۆڤاری "فۆربیس" كە گۆڤارێكی جیهانییە، بۆ ئەمساڵی 2020، بە كاریگەرترین هونەرمەند لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەچێت.
نانسی عەجرەم لە سەرووی لیستەكە بووە و پلەی یەكەمی پێ دراوە

بەپێی پێگەی "ئیلاف" كە ئەمڕۆ پێنجشەم سێی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گۆڤاری "فۆربیس" كە ساڵانە لیستێك بەناوی كاریگەرترین هونەرمەندان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەكاتەوە، بۆ ئەمساڵ 2020 نانسی عەجرەم لە سەرووی لیستەكە بووە و پلەی یەكەمی پێ دراوە.

پێگەكە دووپاتی كردەوە، لەناو دنیای عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نانسی عەجرەم بە كاریگەرترین كەسایەتیی ناو هونەرمەندان لەو لیستەی "فۆربیس" ناوی هاتووە. ئەو پلەیە بەپێی گۆڤارەكە، بەهۆی ئەوەیە كە كاروانی هونەری و فرۆشی بەرهەمەكانی و زۆرترین هەوادار، رۆڵی هەبووە لەوەی پلەی یەكەم بەدەست بێنێت.

پێگەكە زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو پێگە نوێییە كاریگەریی لەسەر نانسی عەجرەم دەبێت كە دەچێتە سەر كاروانی هونەری و خەڵاتەكان كە وەریگرتوون. هاوكات لەڕووی فرۆشی بەرهەمەكانی، نانسی لە مێژووی موزیكی عەرەبیدا لە دوای هونەرمەند فەیرووز دێت. تا ئێستە 70 ملیۆن دۆلار دەستكەوتی هەبووە.

نانسی عەجرەم لبنانییە و لە گەڕەكی ئەلشەرفیەی بەیرووت لە ساڵی 1983 لە دایك بووە و مەسیحییە. لە ساڵی 2009دا هاوسەرگیریی لەگەڵ پزیشكی ددان فادی ئەلهاشم كردووە و دوو منداڵیان هەیە. لە تەمەنی 12 ساڵیدا بەشداریی لە بەرنامەی "ئەستێرەكانی دواڕۆژ" كردووە و مەدالیای زێڕینی وەك گۆرانیبێژ وەرگرتووە و بەدوایدا دەستی بە تۆماركردنی گۆرانیی كردووە.

لە تەمەنی 18 ساڵیدا خوێندنی دەنگ و موزیكی تەواو كردووە و بەدوایدا ئەلبوومەكانی "محتجالك" و "شیل عیونك عنی"ی بڵاو كردەوە، بەڵام لە ئەلبوومی "یا سلام"دا وەك ئەستێرە ناسرایەوە و تا ئێستە دەیان گۆرانیی كلیپ كردووە و وەك ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری گۆرانیی عەرەبی دەناسرێتەوە. لە ساڵی 2009دا لە نەتەوە یەگرتووەكان وەك باڵوێزی نیازپاكی هاتە هەڵبژاردن. نانسی تا ئێستە دەیان خەڵاتی موزیك و گۆرانیی وەرگرتووە و چەندان ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د