چوار وڵات هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە

:: PM:01:28:05/09/2020 ‌
بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ناردووە، چوار وڵات هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە و پێویستە لە ئێستەوە هاوكاری بكرێن كە بەهۆیەوە ملیۆنان كەس دەبنە قوربانیی خۆراك.
چاوەڕێ دەكرێ ملیۆنان كەس لەو وڵاتانە ببنە قوربانی

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو پێنجی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان مارك لۆكۆك، راپۆرتێكی تایبەتی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە كە تێیدا ئاماژەی داوە، چوار وڵات هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە.

زیاتر روونی كردووەتەوە، ئەو وڵاتانەی هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە، بریتین لە كۆنگۆ، یەمەن، نێجیریا و باشووری سوودان، لەو وڵاتانەیش ئاسایشی خۆراك نەپارێزراوە. ئەویش بەهۆی دۆخی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتانە كە تا ئێستە ململانێ و شەڕ تێیاندا بەردەوامە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ ملیۆنان كەس لەو وڵاتانە ببنە قوربانی نەبوونی خۆراك و دەرمان.

یەكێك لە هۆكارەكانی ململانێ و كێشەی لایەنە چەكدارەكانی ئەو وڵاتانە، نەبوونی خۆراك و ئاسایشی خۆراكە، هاوكات نەبوونی دەرمان هۆكارێكی ترە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتانە یەكێكی ترە لە ئاستەنگەكان كە بەهۆی نەبوون یان كەمیی دەرمان و چارەسەر، ئەو وڵاتانەی تووشی تەنگژە كردووە.

بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە وڵاتانی تر دەكات فریای ئەو چوار وڵاتە بكەون كە زۆری نەماوە بگەنە دۆخی ئەوپەڕی مەترسیی برسێتی. بۆ ئەوە ملیۆنان كەس لە ژن و منداڵ دەبنە قوربانی ئەو دۆخەی وڵاتەكانی تێكەوتووە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د