ئەوانەی دروشمیان خۆشەویستییە نەك هاوسەرگیری

:: AM:11:14:07/09/2020 ‌
زۆرن ئەو كەسایەتی و هونەرمەندانەی لە ژیاندا دروشمی خۆشەویستییان كردووەتەوە پرەنسیپ، بۆیە ئەوەندەی باوەڕیان بە خۆشەویستییە هەیە و ئەزموونی دەكەن، كەمتر بیر لە هاوسەرگیریی دەكەنەوە. زۆریان پێیان وایە هاوسەرگیریی قوربانیی دەوێ و كاتی زۆری لێیان دەوێ، ئەوانیش دەیانەوێ لە بوارەكەی خۆیاندا داهێنان بكەن و هاوسەرگیریی نەبێتە ئاستەنگ لە بەردەمیاندا.
كۆرتنی كارداشیان سێ منداڵی لە خۆسەویستەکەی هەیە و تا ئێستە زەماوەندیان نەکردووە

ئۆپرا وێنفری كە پێشكەشكارێكی زۆر ناوداری دنیایە و ئەمەریكاییە، وێڕای ئەوەی لە ساڵانی هەشتاكاندا ویستی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوبەشەكەی "ستیدمان گراهام" بكات، بەڵام لەگەڵ قۆناغی دەزگیرانداریدا پەشیمان بووە و پێی وابوو پێوەندییەكەیان خۆشەویستی بێت باشترە لەوەی هاوسەرگیری بكەن نەك هاوسەرگیریی لە بوارەكەی دوور بكاتەوە یان بەرنامەكانی كرچوكاڵ بكاتەوە. بۆیە ئامادەی ئەو قوربانییە نەبوو.

كایڵی مینوجی گۆرانیبێژیش یەك لەوانەیە بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە هاوسەرگیریی نییە، پێشتر لەگەڵ خۆشەویستەكەی "جۆشۆ ساس" ویستبوویان هاوسەرگیریی بكەن، بەڵام دواتر لێی پەشیمان بووەوە و بۆ گۆڤاری "رێد" گوتبووی، دەمەوێ تەنیا جۆشۆم خۆش بوێ بێ ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ بكەم، ئامادەی قوربانیی هاوسەرگیریی نیم.

كۆرتنی كارداشیان كە ئەستێرەیەكی تەلەڤزیۆنییە، بێ ئەوەی هاوسەرگیریی بكات، خاوەنی سێ منداڵە كە لەگەڵ خۆشەویستەكەی "سكۆت دیسك" ژیان دەكات. ئەو گوتوویەتی بەبێ ئەوەی هاوسەرگیریی بكەم كە قوربانیی زۆری لێم دەوێ، ئێستە بە خۆشەویستییەكەی سكۆت زۆر ئاسوودەم و نامەوێ بیر لە هاوسەرگیریی بكەمەوە.

گۆڵدی هۆن كە ئەستێرەیەكی دنیای هۆڵیوودە و خاوەنی خەڵاتی ئۆسكارە، لەگەڵ  كۆرت راسلی ئەكتەر خۆشەویستی یەكتر بوون بێ ئەوەی هاوسەرگیریی بكەن، زیاتر لە 36 ساڵە یەكتریان بەجێ نەهێشتووە. ئەو گوتوویەتی "ئەگەر هاوسەرگیریم بكردایە، دەمێك بوو جیا دەبوومەوە، بۆیە تەنیا بڕوام بە خۆشەویستییە نەك هاوسەرگیریی".

چارڵیز سیرۆنی ئەكتەریش وێڕای ئەوەی چەندان ساڵە لەگەڵ هونەرمەند "شۆن" خۆشەویستی یەكترن و پێكەوە دەژین، بەڵام هەردووكیان بڕوایان بە هاوسەرگیریی نییە و ئەم ژیانەی ئێستەیان بۆ ئەوان پڕ لە ئاسوودەییە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د