نووسینی: ئه‌دۆنیس_ به‌غدا 1969
وه‌رگێڕانی: ئه‌مین بۆتانى
- 1 -
- ئه‌مڕۆ رووناكایی له به‌غدا كه‌متر دره‌وشاوه‌یه له چاو دوێنێ،
له چاو ئه‌و رۆژه‌ی گه‌یشتم.
ئایه رووناكییش پیر و په‌ژمورده ده‌بێ؟
- به هێواشی قسه بكه. هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك لێره پلان بۆ كوشتنی دراوسێكه‌ى داده‌ڕێژێ.
- به هێواشی؟ مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه هه‌ر وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ مه‌رگدا قسه بكه‌م؟
*
پیاوگه‌لێك روویان بۆ وێنه‌كان وه‌رده‌گێڕن. بۆ وێنه‌گه‌لێك هیچ روخساریان نه‌بێ. روخسارگهلێك وه‌ك ئه‌و كونانهى له ته‌ختی بۆشاییدا بن.
پیاوگه‌لێك به جاده‌كاندا رێ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ههڵیانبكۆڵن. وامدێتهخهیاڵ هه‌نگاوه‌كانیان شێوه‌ى گۆڕی هه‌یه.
*
سیاسه‌ت بازاڕێكی وا گه‌وره‌ى هه‌یه گشت بازاڕه‌كان ئیره‌یی پێ ده‌به‌ن.
*
ده‌نگه ده‌نگێك له شانۆكانى ره‌هاوه دێ:
دیواره‌كان - ته‌نانه‌ت دیواره‌كانیش باوێشك ده‌ده‌ن.
- 2 -
مێكوتی سیاسه‌ت سندانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه ده‌كوتێ كه لێی دابه‌زیوم.
ئاهه‌نگی ئاپۆرایێك - گه‌ڕه‌ك ساردوسڕ بێ‌باك ده‌كه‌وێته به‌زمى خۆی، سه‌رلێشێواو له هیچوبهلاشیی هاتوهاوار.
له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم: كه‌ى فێری بێده‌نگی ده‌بین؟ و ده‌پرسم: ئایه به‌هه‌شت بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه دۆزه‌خ بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه كه‌سێك هه‌یه بوێرێ فه‌توا بدا؟
پێموایه كاتى هاتووه به گلگامێش بڵێین: ههندێكمانت ته‌فره‌دا، ههندێكیشمانت هێنایه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ى كه ژیان له به‌غدا نهێنیه‌كی هه‌یه و هێشتا چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌ین بۆمانى ئاشكرا بكه‌ى. به تایبه‌ت خه‌ریكه هه‌موو شتێك ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌م ژیانه هیچ نیه بێجگه له مردنێكی به‌رده‌وام. و سه‌یری شمشێرى سته‌مكار بكه چۆن ده‌مه‌زه‌رد ده‌كرێته‌وه و بۆ ملپه‌ڕاندن ساز و ئاماده ده‌كرێ.
له‌و دانیشتنه‌دا:
- پرسه‌كه ئه‌وه‌یه به‌كرێگیراوێكی بچووك وه‌ك سه‌گ تۆپێنرا.
- جا به‌كرێگیراوێك چۆن ده‌كوژرێ كه گه‌وره بێ؟
*
ئێستا تێده‌گه‌م چۆن چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌ستى ده‌چێته خۆى، له ترسی چه‌كێك هه‌میشه به‌دواوه‌یه‌تى بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بفڕێ.
*
- هیچ كارێك ده‌كه‌ى؟ چۆن ده‌ژی؟
- له‌و جاده بۆ ئه‌و جاده ده‌خولێمه‌وه. به‌غدا خێرومه‌ندی لێ نابڕێ.
*
سه‌رى ئه‌و جاده‌یه پڕیه‌تى له حیكمه‌ت.
*
كۆترێك - به باڵه ره‌شه‌كانى خۆی بازنه‌یه‌ك به ده‌ورى هه‌ردوو لێوارى دیجله‌دا ده‌كێشێ.
*
له‌و دانیشتنه‌دا:
كه‌سانێك هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه تێده‌كۆشێ ببێته تووتی ده‌سه‌ڵات، له هه‌ره دهمههراشهكهى.
*
به‌غدا هه‌ر هه‌مووى چهقهدووكهڵه
به‌ڵام، ئه‌ى كوانێ ئاگر؟
*
هه‌ر چه‌ند رۆبچمه منداڵێتیهكانى به‌غداوه، زیاتر خۆم و ئه‌وانى دی و گه‌ردوون ده‌ناسم،
و زیاتریش بێزم له ئێستاكهى ده‌بێته‌وه.
*
- " من له ده‌ره‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى - با - ، ئه‌وه‌ى كه‌سوكار بێ نیمه ":
عێراقیه‌ك پێی‌گوتم هاته ئوتێله‌كه به‌مه‌به‌ستى یه‌كترناسین.
*
بۆ یه‌كه‌م جار، زانیم كه لاى چه‌پی دیجله، گورگه به‌سه‌ر خوشكه لای راسته‌كه‌ى،
و ئه‌مه‌شیان گورگه به‌سه‌ر ئه‌وه‌ى تره‌وه.
*
ئێستا، له‌م ساته وه‌خته‌دا، وامبه‌خه‌یاڵدا دێ كه له به‌غدا هیچ نابینم
بێجگه له دوو كه‌س:
حه‌للاج به له‌خاچدراوی، و
ته‌وحیدی-یش كتێبه‌كانى فڕێده‌داته نێو دیجله‌وه.
*
به‌غدا پیاوێكی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌تاشێ: پیاوێك - چاخانهئامێز.
*
عشتار نه‌خۆشه و تاى موته‌نه‌ببی هیلاكی ده‌كا.
*
خه‌ریكه ئاو خۆی له ده‌ست هه‌ردوو لێواره‌كانى دیجله راده‌پسكێنێ.
*
گلگامێش! ئه‌ى كوڕی یه‌كه‌م، ئه‌ى نۆبه‌ره‌ى ئه‌فسانه،
ئایه قژت هه‌ر ئه‌و خاكه ده‌مێنێته‌وه بۆ كۆچ؟
ئایه نه‌گه‌ڕانه‌وه نشتیمان خۆیه‌تى؟
ئه‌ى له دواى تۆ كێ هاوڕێیه‌تى بچڕێ؟
*
لێره، ژیان كاتى خۆی به چاودێریكردنی مردنه‌وه به‌فیڕۆ ده‌دات.
*
ئه‌ندازه‌ى ئه‌و ژن و پیاوانه
بانگه‌شه بۆ ئاشه‌كانى - با - ده‌كا.
*
ئه‌وه خۆر چیه‌تى له به‌غدا؟، هه‌موو رۆژ هه‌ڵدێ و
منداڵێكی كوێرى به‌ده‌سته‌وه‌یه!.
*
ئازادی ته‌نیا یه‌ك په‌یكه‌ری هه‌یه، ئه‌ویش: ئازادی یه و به‌س.
*
خه‌ریكه ده‌كه‌ومه گومانه‌وه كه ئه‌با نواس و ئه‌با ته‌مام و نه‌فه‌رى له به‌غدا ژیابێتن.
*
به ته‌نیا جنۆكه‌كان له به‌غدا برسین، سواڵكه‌رن، بێكارن، زیندانین...هتد.
*
لێره، ته‌واو دڵنیاده‌بم كه فه‌رمانڕه‌وا عه‌قڵی خۆی ته‌رخانكردووه بۆ نووسینی
فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به راوكردنی مرۆڤه‌كان و رامكردنیان.
*
ئه‌ى دیجله! من ده‌زانم ئه‌گه‌ر شۆڕش كه‌شتیه‌ك بێ،
تۆ یه‌كه‌مین كه‌سى چارۆگهكانى پارچه پارچه ده‌كه‌ى.
له دێر زه‌مانه‌وه، خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر لێوارهكانت ده‌ژیان بڕوایان به یه‌كتاپه‌رستی نه‌بوو، به‌ڵام زۆر زۆر داهێنه‌ر و مرۆڤانه‌تر بوون له‌م نه‌وه یهكتاپهرستانهى ئه‌وان كه ئه‌مڕۆ ئابڵووقه‌یان داوى.
*
ئه‌مڕۆ خه‌به‌رم بۆوه وه‌ك هه‌ناسه‌یه‌ك له جه‌سته‌ى خۆر هاتبێتمه ده‌ر:
گومانى تێدا نیه - هه‌ر ئه‌و خاتوونه بووه كه گوڵێكی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌م داناوه، به‌ر له خۆریش گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵه‌كه‌ى خۆی.
*
له‌و دانیشتنه‌دا:
هه‌ر قسهكهرێك دڵنیایه له‌وه‌ى كه خۆی ده‌یڵێ راسته. دوا وشه‌ى
یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش هه‌ر لاى ئه‌وه.
هه‌ر شاعیرێك ده‌یه‌وێ پێی بگوترێ: تۆ یه‌كه‌م و كۆتای.
هه‌ر لێمشته و شه‌پۆلده‌دا، به لرفه یه‌كترى ده‌خۆن.
جێم ى هاوڕێم نیشته‌جێی شوێنێكه له كۆشك ده‌چێ. پێی گوتم: زۆر ئاسانتره
ئه‌و ماڵه بڕووخێ له‌وه‌ى یه‌ك په‌نجه‌ره‌ى لێ بكه‌مه‌وه تۆ باسی ده‌كه‌ى.
*
رۆژی به‌غدا چه‌نده قورسه. ئه‌گه‌ر شه‌وه‌كه‌ى نه‌بوایه رێك ده‌بووه زیندان.
- له‌گه‌ڵ نه‌زار قه‌بانی. له‌گه‌ڵ تۆ؟ به‌ڵێ، دێین. هه‌ر شوێنێكتان پێخۆش بێ.
هه‌ر كه‌ى پێتان خۆش بوو.
به بوێرییه‌كی دڵنیا قسه‌ى ده‌كرد. كچه هاوڕێكه‌شی گوێی ده‌دایێ، دوو ئاسكی فڕیو له چاوه‌كانیا مه‌له‌یان ده‌كرد.
- ئه‌ى ئه‌و په‌چه‌یه چیه؟
- په‌چه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ماڵ. تایبه‌ته به شه‌و.
نه‌ریت زیندانێكى دیكه‌یه له نێو زیندان.
- ...
ون بوون، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك چۆن دوو هه‌ساره ون ده‌بن.
خۆر به په‌یژه‌ى دیجله‌دا سه‌رده‌كه‌وت.
رۆژ خۆی ئاماده ده‌كرد جله سه‌ربازیه‌كانى خۆی بپۆشێ.
شه‌ویش تیره‌كه‌ى خۆی هاویشت و پێكاى.
كه‌رخ - سۆمه‌ر و بابل م له‌شێوه‌ى دوو باڵدا بینی - شێوه‌ى دوو ده‌زوو له نێوان
خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا. شتێكم له شێوه‌ى ئه‌و شه‌پۆله بینی كه پێشوازیی له عه‌شتار ده‌كرد هه‌ر كاتێ قاچه‌كانى ده‌خسته نێو ئاوی دیجله‌وه. هه‌ر خودی عه‌شتارم به‌چاوی خۆم بینی وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆی بۆ ئه‌ڤینێكی دی بڕازێنێته‌وه. یان ئاوهام هاته پێشچاو.
*
- 3 -
بازاڕی مسگه‌ره‌كان - كچگهل و كوڕگهلێك جه‌سته‌یان وه‌ك مێژوویه‌كی لێوان‌لێو له شه‌و ده‌هاته پێشچاو. به رۆژیش خه‌ریك بوو ژه‌نگ به جه‌سته‌ى كاته‌وه بنووسێ.
چه‌ند جۆگه‌له‌یه‌كی سه‌ربه‌ره‌ڵا، ده‌ڕژانه به‌رده‌م دوكان و بازاڕه‌كانه‌وه. بۆن زێرابێك
ئه‌و ناوه‌ى كاس كردبوو.
*
گوێم له چی ده‌بێ؟ ئه‌وه سرته‌ى دیوارى خانوه كۆنه‌كانه له په‌نا گوێم: هیچم نه‌ماوه پاسه‌وانیم بكا بێجگه له یاده‌وه‌ری؟ یان ده‌مبینی خه‌یاڵپڵاوم و سه‌رم لێ شێواوه؟
*
بۆچی روخسارى به‌غدا له ده‌روازه‌ی گومان نیگار نه‌كه‌م؟
ئاوی دیجله بۆی نیه بڵێ: نه‌خێر.
ملی دارخورماكان بۆیان نیه له‌وه زیاتر لار ببنه‌وه.
نیگارێك بۆ خۆی، بۆ ره‌نگوڕووی نیگار.
مشتومڕم له‌گه‌ڵ ئاوێكه هیچی له‌یاد نیه بێجگه له سه‌رچاوه‌كانى ئه‌و خوێنه‌ى رژاوه‌ته نێوى. ئاوێك هه‌وێنی فرمێسك ده‌شێلێ.
وه‌ك ئه‌وه‌ى مردن ببینم خۆی مه‌ڵاسدابێ بۆ راوكردنی مرۆڤ.
*
ئا له‌م ساته، حه‌زم لێیه، ئه‌وه بڵێم: به‌غدا - نیوه‌ى دارستانه، نیوه‌كه‌ى دیشی بیایان.
هاوڕێ، حه‌زم له‌وه‌شه - به هێواشی - پرسیارى ئه‌وه بكه‌م:
- جیاوازی نێوان به‌غداى 1258 و به‌غداى 1969 دا چیه؟
- ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م ته‌تاره‌كان ته‌فروتونایان كرد،
ئه‌وه‌ی دووه‌میش كوڕه‌كانى ته‌فروتوناى ده‌كه‌ن.
*
- 4 -
چاخانه - نه‌رگه‌له وه‌ك هێشوو له‌و دره‌ختانه شۆڕبوونه‌ته‌وه له هیچ شوێنێكدا ناڕوێن
له خاكی خه‌یاڵدا نه‌بێ.
پیره‌مێردێك به سیپه‌لاكی منداڵیی هه‌ناسه ده‌دات. یه‌كێكی دی ئاخ هه‌ڵده‌كێشێ و زمانى ته‌ته‌ڵه ده‌كا. وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌توانێ گوزارشت له‌و ئاگره بكا له هه‌ناویدا كڵپه‌ى سه‌ندووه. وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌زانێ چۆن ئه‌و ئازاره له‌خۆی ده‌ركا باوكه ئاده‌می بۆی ساز كرد.
چه‌قه دووكه‌ڵێكی ره‌ش له چاخانه‌كه ده‌رده‌چێ - ئه‌وه هه‌ناسه‌ى ئه‌وانه‌یه به‌سه‌ر نهرگهلهكانیانهوه داكورماون؟ یان خه‌ونێكی دیكه‌یه به بنمیچێكی دیكه‌وه؟ یان ئه‌وه نشتیمانى دووه‌مه؟
هاڵاو و ورته‌ورت له دووكه‌ڵه‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه، له شێوه‌ی پردگهلێكى وه‌ستاوى نێوان رووداو و یاده‌وه‌ریه‌كاندا: ئه‌وه‌ى روونى بێ نیه، ئه‌وه‌ى نامۆیی بێ نیه.تۆڕگهلێك له پیته‌كان تژی باڵهفڕكێی ختووره.
له هه‌ر " به‌ڵێ"یه‌كدا " نا "یه‌ك هه‌یه.
له هه‌ر " نا "یه‌كدا پشكۆیه‌ك هه‌یه نازانێ چۆن خامۆش بێته‌وه.
له‌ژێر پێستی ئه‌و چاخانه‌دا، ئۆقیانووسێك له ره‌دكردنه‌وه شه‌پۆل ده‌دا.
*
كتێبخانه - خه‌تى ئه‌و نووسه‌ره خواروخێچه، به‌ڵام وشه‌كانى
راست و دروست.
- ئه‌وه نووسه‌رێكه شت دووباره ده‌كاته‌وه.
- هه‌ندێ جار ده‌گوترێ هاوشێوه بۆ ئه‌وه‌ى بگوترێ جیاواز.
- شاعیرێك له شێوه‌ى فریشته.
- ئه‌وه مه‌دحه یان زه‌م؟ فریشته ده‌توانێ چاكه و خراپه بكا. ئه‌هریمه‌ن بێجگه له خراپه ناتوانێ هیچ بكا. كامه‌یان پاكتره؟
- ئه‌وه شاعیرێكی ته‌مومژاوییه.
- ئه‌وه‌ى زوو ئاشكرا ببێ، زووش ریسوا ده‌بێ.
- شیعر؟ نازانم.
جوامێرێك له وێنه‌ى ڤالاهی ئاسمان. ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌لانه‌ش له ئامێز ده‌گرێ
كه لێی یاخی ده‌بن.
- پێده‌چێ هه‌ر كه‌سێك لێره، وه‌ك دارخورمایه‌ك وابێ له رۆخی توونى باباى بێئامانى خه‌مۆكی. حه‌سه‌ب شێخ جه‌عفه‌ر گوته‌نى.
- ئایه تۆ گه‌لێكت بینیوه پێویستی به سته‌م بێ، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست بكا كه هه‌یه؟
- گه‌لی عێراق؟
- به‌ڵام، ده‌بێ ئه‌و سه‌ركرده‌یه چی بێ به‌سه‌ر ئه‌و پلانانه‌دا هه‌ڵده‌زنێ كه له‌سه‌ر كێوێك له كه‌لله‌سه‌رى مرۆڤه‌كان دایده‌ڕێژێ؟
- دواڕۆژ؟
- بیرت نه‌چێ. ده‌نگت كز بكه. دواڕۆژ كڕكڕاگه‌ى شلۆقی باڵه‌كانى
شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌كه.
- له وڕێنهكانى ببوورن.
- من پیاوی ملكه‌چی و پابه‌ندبوون نیم. فێر ده‌بم چۆن ببمه پیاوی ئازادی. په‌یوه‌ندییش به هۆشمه‌ندییه‌كی یاخییه‌وه بكه‌م، تووڕه و شكستخواردوو. رێك وه‌ك تۆ.
- باشتر وایه باسی ژن بكه‌ى، باسی جوانی. له به‌غدا ئه‌و ژنانه هه‌ن كه به راستی كات نازانێ مه‌ستى دایبگرێ بێ گه‌ر ئه‌وان نه‌بن.
- گه‌ر له شێوه‌ى ئه‌وانیش نه‌بن.
- دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه: با به‌هێواشی قسه بكه‌ین.
- پیاوگه‌لێك با ده‌خنكێنن.
*
- 5 -
ژنێك له ماڵێكدا باوه‌ش به په‌نجه‌ره‌یه‌كدا ده‌كات له ته‌ك لێوارى دیجله‌وه. ژنێكی رۆشن
له رووناكایی ده‌ترسێ.
دیجله وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه عه‌ره‌بانه‌یه‌ك رایكێشێ كه ترس راكێشی ده‌كات.
دیجله سروودی ژوانێكه كه‌مجار كه‌سێك هه‌یه گوێی لێ بگرێ.
- چ كاره‌ى؟ چ شتێك داده‌هێنی؟
- دوو گوێچكه بۆ ده‌روازه‌ى ماڵ.
له‌وه‌وه پێویستیمان به بیركردنه‌وه نه‌ما. كه‌سێك هه‌یه شوێنی ئه‌ومان بۆ بگرێته‌وه:
هه‌موو شتێك ده‌زانێ و وه‌ڵامی هه‌موو شتێك ده‌داته‌وه.
هیچ شتێكیش له كیمیای سیاسه‌تدا وه‌ك خۆی نامێنێ:
ئه‌ى كوكوختی، ده‌ته‌وێ ببیته چ جۆره ژنێك؟
ئه‌ى په‌پو سلێمانكه، ده‌ته‌وێ ببیته چ جۆره پیاوێك؟
تۆ ئه‌ى به‌رده‌كه،
هه‌روه‌ها تۆش ئه‌ى قفڵه‌كه، ده‌تانه‌وێ چ جۆره رۆڵێك بگێڕن؟
كه‌شوهه‌وایه‌ك ده‌سته‌واژه‌كان سڕ ده‌كا،
زههریش به‌ناو ده‌ماره‌كانى زماندا ده‌گڤێنێ.
*
بۆچی به‌غدا ته‌نیا یه‌ك رێگاى هه‌یه،
له كاتێكدا رێگاكان ئه‌وه‌نده زۆرن له ژماردن نایه‌ن؟
به‌غدا وا دێته پێشچاو قهفهزێكبێ له ده‌سته‌واژه، مرۆڤ فریاى ئه‌وه ناكه‌وێ لێی ده‌رچێ، ئه‌و وه‌ك شه‌ویلاگى دڕنده ده‌كرێته‌وه و قه‌پی پیا ده‌كا.
*
وه‌ك بڵێی عه‌قڵ ئێستا ته‌نیا بۆته په‌تێك به ده‌ورى ملدا.
*
رۆژگار به بینینی ره‌نگی سوور مه‌ست ده‌بێ،
هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ى ره‌نگی خوێنی لێ بهدهركهین.
*
كات وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه ئه‌ندامه‌كانى یه‌كترى قووت بده‌ن.
*
ئه‌وه خۆره كه له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌تلێته‌وه.
*
ئه‌بو حه‌نیفه، شافعی، مالك، ئیبن حه‌نبه‌ل - هه‌ر یه‌كه‌یان شوقهیهكیان له ئاسمان پێدرا، وه‌ك راكردنێك له‌ده‌ست ئه‌م جیهانه. ده‌شگوترێ: هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌مریی خۆی له‌و شوقه به‌هه‌شتیه‌دا ته‌رخانكردووه بۆ نووسینه‌وه‌ى ئه‌و كتێبانه‌ى زه‌می دنیا و گوێرایه‌ڵیی بۆ"ئولی ئه‌مر" له‌خۆ بگرێ.
ئه‌ى ئه‌م تارا ره‌نگ پیرۆزه‌ییه چیه حه‌زره‌تى قادرى گه‌یلانی داپۆشیوه؟
- به‌غدا وه‌ك به‌هه‌شت وایه!
- مرۆڤ به‌هه‌شته، نه‌ك شوێن.
*
- ئایه ده‌ته‌وێ لێره بمێنیته‌وه؟
كه‌واته، ناوكێكی دی له شوێنی ناوكی خۆت دابنێ، سه‌ر- یشت بگۆڕه.
*
ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی ئاسمانى ته‌نیوه.
له زانستی رواڵه‌تدا كه شه‌پۆلی ئه‌و ده‌نگه په‌خشی ده‌كا هاتووه، به‌غدا دایكێكه كۆرپه‌له‌كان له‌نێو سێبهندهیدا ده‌ڕسكێن، دواتر كۆرپه‌له دێته ده‌ره‌وه و نوێژ بۆ فه‌رماندارى سه‌ركه‌وتوو ده‌كا.
دیسان له زانستی رواڵه‌تدا باسكراوه ئه‌و جله‌ى بۆ یه‌كه‌مجار به‌ر جه‌سته‌ى كۆرپه‌له ده‌كه‌وێ، هه‌ر به‌ده‌ستی فه‌رماندارى سه‌ركه‌وتوو ده‌دوورێ.
هه‌ر له زانستی رواڵه‌تدا هه‌یه كه به‌غدا ماڵێكه بۆ مێروولهكانى كۆست، منیش سه‌رپێچیم كرد و ده‌ركرام.
*
ئایه له‌سه‌رم پێویست بوو واقیع ره‌د بكه‌مه‌وه و هه‌موو كاته‌كه‌م له‌گه‌ڵ مومكندا به‌ڕێ بكه‌م؟
ئایه پێویست بوو به‌ئاشكرا بڵێم: هه‌ر ده‌نگێك له به‌غدا زغته ركێبی خۆی هه‌یه؟
*
ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی داگیركردووه.
به‌ناو گشت به‌شه‌كانیدا رۆده‌چێ،
گوێم له‌وه‌شه كه كات و بۆشایی و ده‌سه‌ڵات و ته‌رمه‌كانى پێ راڤه ده‌كا، هه‌روه‌ها ئاینده‌ش.
ئاواهی ئاراسته و ئاسۆكان رێك‌وپێك ده‌بن، به‌پێی رووناكاییه‌كی دی:
وڵات لهمێستا به‌دواوه،
تیرێكه كه‌وانه‌كه‌ى كورسی سوڵتانه.
*
مه‌له‌كان - برینن به داره‌وه،
ئه‌و گوڵهیهش كه ژێیه‌ك بو له بۆن
له نێوانی خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا،
ئهستۆیهكه ده‌چه‌مێته‌وه و برژانگێكه ده‌شكێ.
ئه‌وه‌ى بروسكه‌ش بێ به‌دیناكرێ بێجگه له هه‌ورى نه‌زۆك.
*
تینوێتیه‌ك جه‌سته قه‌د ده‌كا وه‌ك قه‌دكردنی كاغه‌ز،
له‌هه‌ر ساتێكیش،
له‌شێوه‌ى چرا جادوو هه‌ناوى مێژووى لێ وه‌ده‌ر دێ.
*
- 6 -
به‌پاڵكه‌وتوویی له‌سه‌ر رۆخی نوێنه‌كه‌م له ئوتێل (ناوه‌كه‌یم بیرچوو)،
گوێم له ده‌نگی كاتژمێرێكی نامۆیه،
وه‌ك بڵێی له هه‌وكی دارخورمایه‌ك شۆڕ بۆته‌وه خه‌ریكه وشك ده‌بێ.
كات دوازده‌ى شه‌وه.
شه‌وێك بێداره له نێو ده‌سته‌كانى دیجله‌دا. كۆخه‌كۆخی ئاو دێته به‌ر گوێم، لێواره‌كانیش ده‌گرین. ئه‌ى شه‌وه‌كه من ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه له تاریكستانهكانى خۆم. ئێوه‌ش ئه‌ى شاره فورات نشینه خه‌وتووه‌كان سڵاوتان لێ بێ.
زاره دۆشداماوهكهى خۆم، فڕێده‌ده‌مه سه‌ر ته‌ختى رووداوه‌كان. چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م، ورد ده‌بمه‌وه، بۆم ده‌رده‌كه‌وێ كه رووداوه‌كان داشی سواریان هه‌یه.
چی بكه‌م؟ كۆڵ بده‌م؟ ئایه ئاوا بمێنمه‌وه و هه‌ر پرسیار وه‌ك به‌ردێك گلۆر بكه‌مه‌وه كه بۆم هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه؟ و خه‌ریكه ده‌مكا به‌ژێره‌وه؟
تۆش ئه‌ى سه‌رى خۆم - پێمبڵێ ئه‌و گهردهلوولهت له‌كوێ بوو، كه نایه‌وێ ئارامبێته‌وه؟
*
- 7 -
شیعر لێوه‌كانى خۆی له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا داده‌نێ..
به‌غدام به‌جێهێشت و هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆم ده‌مگوت كه شاره‌كان هه‌ندێ جار خه‌ونى گۆڕانكارى دێنن و به خشپه‌یی ده‌یانخه‌نه نێو ماڵه‌كانى خۆیانه‌وه هه‌روه‌ك یارێكی نهێنی. ئه‌وه‌شم بیركه‌وته‌وه كه له هیچ شوێنێك نه‌مبینی وشه‌كانیش به‌ده‌ورى خوانه‌كاندا دانیشن بۆ خواردن وه‌ك ئه‌وه‌ى له به‌غدا بینیم هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌لووشن. به گۆشت و چه‌ور و ئێسقانه‌وه. ئه‌وانه‌ى له‌دایكبوون، ئه‌وانه‌ى مردن و ئه‌وانه‌شی هێشتا له‌دایكنه‌بوون.
له‌وێ ئه‌وه‌شم بینی كه چۆن زمان ده‌بێته سوپایه‌كی بێ‌شومار له ئاژه‌ڵی دڕنده. من تا ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ش له ساڵی 1969، كه سه‌یری "ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق"م ده‌كرد، زۆر هیلاك ده‌بووم تاوه‌كو بتوانم جیاوازیی بكه‌م له نێوان مرۆڤ و ئه‌هریمه‌ن و خوداوه‌ند. له‌وانه‌یه هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه بووبێ كه من له به‌غدا بێجگه له سه‌رما هه‌ستم به هیچ شتێكی دی نه‌كرد، هه‌ڵبه‌ت له‌و كاته‌ى له باوه‌شی خۆر بووم.
به‌ڵام، به‌ڵام،
ئه‌ى شیعر، داینێ
لێوه‌كانت له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا.
(به‌یرووت 1969)
.................................................................................................................
* له ساڵی 1969 وه‌ك ئه‌ندامێكی شاندی یه‌كێتی نووسه‌رانی لوبنان به سه‌رۆكایه‌تى سوهێل ئدریس چووم بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌بوون له كۆنگره‌ى یه‌كێتی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب. نه‌زار قه‌بانیش ئه‌ندامى وه‌فده‌كه بوو. له‌وێ چه‌ند رۆژێك مامه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌شداریی له چالاكیه‌كانى شاند و كۆنگره‌كه‌دا بكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م هۆكارى ئه‌و بهشدارینهكردنهشم هه‌ر لاى خۆم بێ و باسی نه‌كه‌م.
ئه‌وه‌ش تاكه سه‌ردانم بووه بۆ به‌غدا.
ئه‌و ده‌قه‌ى ئه‌مڕۆ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه له میانی ئه‌و سه‌ردانه‌مدا نووسراوه، كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌ستكاریی بۆ جارى یه‌كه‌مه بڵاو ده‌بێته‌وه. بۆ دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر شیكاری و راڤهكردنێكیش كه هه‌ندێ كه‌س حه‌زیان لێیه‌تى، ئه‌وه ده‌ڵێم كه ئه‌م ده‌قه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حوكمدان نیه به‌سه‌ر گه‌لی عێراقدا وه‌ك گشت، به‌ڵكو هه‌ڵێنجانى لێوردبوونه‌وه‌یه سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و "كه‌ش"ه رۆشنبیری و سیاسییه‌ش كه خه‌ڵكانێك له‌و قۆناغه‌دا ده‌یانویست له گۆشه‌نیگاى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانه كارى بۆ بكه‌ن.