گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند، هێزەكانی تەناهی لە پارێزگای كەركووك، گەمارۆی تیرۆریستێكیان دابوو بۆ گرتنی، بەڵام ئەو خۆی تەقاندەوە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس بریندار بوون. لەلایەكی تریشەوە دەست بەسەر 50 مووشەك گیراوە.
دوو بریندارەکە سەر بە پۆلیسی فیدڕاڵن
پێگەی "
ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند، دوای گەمارۆدانی تیرۆریستێك لە دۆڵی "ئەبو شیحە" لە شارەدێی رەشادی كەركووك، خۆی تەقاندەوە و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فیدراڵی بریندار بوون.
ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر هێزەكانی تەناهی كۆگەیەكی چەكیان لە باشووری كەركووك دۆزیبووەوە، لەناویدا دەست بەسەر 50 مووشەك گیرا. جیا لە دۆزینەوەی سێ شوێن بۆ خۆحەشاردانی تیرۆریستان.
راگەیاندنی شانەی تەناهی لە كەركووك پێشتر رای گەیاندبوو، لیوای پیادەی 45ی فیرقەی 11، لەگەڵ فرقەی نۆ و لیوای 18 و لیوای تایبەتی پۆلیسی فیدراڵی، لە هەڵمەتێكدان بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان لە باشووری كەركووك و پاككردنەوەی ناوچەكە كە ماوەیەكە چالاكییە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیە بوونیان هەیە.