بەرپرسێكی تەندروستی سلێمانی زانیاری نوێ لەسەر تووشبووانی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

:: PM:08:51:09/09/2020 ‌

بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رای دەگەیەنێت، ئەوانەی رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن بۆ پشكنینی كۆرۆنا، ژمارەیەكی كەمن بە بەراورد بەو رێژە زۆرەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكە هەن، دووپاتی كردەوە، رۆژانە هەزاران كەس تووش دەبن.
ئەوانەی رۆژانە تووش دەبن تەنیا 2%ی دێنە نەخۆشخانە
سەفین رەسووڵ، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم نۆی ئەیلوول، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئامارانەی تووشبوونی كۆرۆنا كە رادەگەیەنرێن، كۆتایی نین، بەڵكو تەنیا ئەوانەن كە دەچنە نەخۆشخانەكان و پشكنین دەكەن و پشكنینەكەیان پۆزەتیڤە، واتە تووشبووی كۆرۆنان.

زیاتر گوتی، رۆژانە لە شاری سلێمانی سەرووی پێنج هەزار كەس تووشی نەخۆشییەكە دەبن و دەبنە هەڵگری ڤایرۆسەكە بە رێژەی جیاواز و بەریەكەوتنیان هەیە، بەڵام لە تەندروستی تەنیا فریای ئەوە دەكەوین 100 بۆ 120 كەس تووش دەبن تۆماریان بكەین، لەوە زیاتر فریا ناكەوین و ناتوانین، بەشەكەی تری خەڵك نایەن بۆ نەخۆشخانەكان.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی روونی كردەوە، ژمارەی ئەوانەی رۆژانە لە شارەكان تووشی كۆرۆنا دەبن، زۆر زۆر زیاترن لە ئامارەكانی رادەگەیەنرێن، ئەمە وەك ئەوە وایە كە پێشبڕكێیەك بكرێت، هەزاران كەس بەشدارن، پێت دەڵێن ئەوانەی بە بەردەمتا رایان كرد ناویان تۆمار بكە، لەو سەرەوە پێت دەڵێن چەند كەست تۆمار كرد دەڵێی 100 كەس، بەڵام لە راستیدا هەزاران كەس بەشداریان كردووە و تۆ فریا نەكەوتووی تۆماریان بكەی.

"ئێستە لە قۆناغێكی نوێداین و رۆژانە خەڵكێكی زۆر تووش دەبن، نەخۆشخانەكان پڕبوونەتەوە و توانایان نەماوە كەس وەربگرن، ئەوانەی رۆژانە تووش دەبن، تەنیا 2%ی دێنە نەخۆشخانە، ئەوەیتر لە ماڵەوەن، خۆ ئەگەت هەموویان بێنە نەخۆشخانە فریایی هیچ ناكەوین"، سەفین رەسووڵ وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل