براوەکانی خەڵاتی نووسیار ده‌بنه‌ خاوه‌نى به‌رهه‌مى تایبه‌ت به‌خۆیان

:: PM:01:49:15/09/2020 ‌
وەشانی نووسیار له‌ نوێترین چالاكیدا خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم 2020 خولی شاعیر محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەڕاڵی پایز بە سەرکەوتوویی ڕادەگەیەنێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 15ى ئه‌یلوول،  ئالان په‌رى دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم 2020 به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک ئەم خەڵاتەمان ڕاگەیاند و جارێکیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وادەی وەرگرتنی بەرهەمەکان درێژکرایەوە."

زیاتر گوتى، "لەسەرەتای ڕاگەیاندنی خەڵاتی نووسیارەوە، تا دواڕۆژی وەرگرتنی بەرهەمەکان لە بواری شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بەرهەمێکی  زۆرمان پێ گەیشت. ژمارەیەک لەم بەرهەمانە مەرجە سەرەتاییەکانیان تێدا نەبوو، بۆیە وەک شۆرتلیست تەنیا ئەو بەرهەمانە درانە دەست لیژنە کە ڕەچاوی مەرجەکانی خەڵاتی نووسیاریان کردبوو."

بەرهەمەکەیان لە لایەن لیژنەی دادوەرانەوە متمانەی وەرگرتووە

ئاشكراى كرد، "لەدوای دەستنیشانکردنی دادوەرەکان بۆ هەرسێ بوارەکان، لیژنەکە دەستی کرد بە کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان کە هەر دادوەرێک بە شێوازی خۆی بەرهەمەکانی هەڵسەنگاند. بەرهەمەکانی هەرسێ بوار بەبێ ناو  نێردراون بۆ ئەندامانی لیژنە، هەتا هیچ کاریگەری و سەرنجێک نەچێتە سەر ناوی نووسەرەکان، بەڵکو تەنیا تێکستەکە خۆی بسەلمێنێت. بەمەیش باشترین دەق و ناوازەترین بەرهەم ببێتە هەڵبژاردە و  بڕیاری کۆتایی دادوەرەکان."

ڕوونى كرده‌وه‌، "براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم 2020، ئێسته‌ یەکەمین کتێبیان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و دەبنە بینەری یەکەم بەرهەمی چاپکراوی خۆیان. دەبێت دڵیان خۆشبێت بەوەی بەرهەمەکەیان لە لایەن لیژنەی دادوەرانەوە متمانەی وەرگرتووە و جێگەی سەرنج و ڕامانیان بووە."

"بناغەی یەکەم بەرهەم دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و گەورە، لە هەمان کات، ئەرکێکی قورس و پڕ بەرپرسیاریەتیشیان دەکەوێتە سەر،  کە هەم بەردەوام بن و هەم کاری باشتر و جیاوازتر پێشکەش بکەن. ڕاگەیاندنی ئەو جۆرە خەڵاتە دەبێتە یەکەمین خەونی نووسیار و وا دێتە دی کە لە ڕێیەوە بەرهەمی نووسەری گەنج و ناوە نوێیەکان دەردەخات. نووسین رێگایەکی دوورودرێژە و پێویستی بە بەردەوامی و داهێنان هەیە" ئالان پەری وای گوت.

ئەو ئەندامەی دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار دووپاتی دەکاتەوە، بۆ ئەوانەی هەڵنەبژێردران، ئەمە مانای ئەوە نییە بەرهەمەکانیان خراپە یان لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵکوو لە ئاست پێوەری دادوەرەکان و مەرجی خەڵاتەکە نەدەگونجان و هەمیشە هەوڵدانی بەردەوام دەبێتە کاری پیشەیی نووسینیان. بە هیوای ئەوەی ئەزموونێکی باش بێت بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆژەی نووسینەکانیان.

دادوه‌ركان بریتى بوونه‌ له‌ ئەحمەدی مەلا / شیعر - ڕەئوف بێگەرد / چیرۆک - ئارام محەمەد / ڕۆمان، هه‌روه‌ها براوه‌كانى خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم 2020 پێكهاتوون له‌، "نەورەس محەمەد / براوەی شیعر بۆ کۆمەڵە شیعری (شقارتە) - جێگر بەختیار / براوەی چیرۆک بۆ کۆمەلە چیرۆکی (ژاوەژاو) - کیاکسار ئەحمەد / براوەی ڕۆمان بۆ ڕۆمانی (بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە)".



وشە - محەمەد میران