سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكا دەكات

:: PM:10:01:15/09/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماتیو تولەر، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كرد و چەندان پرسیان پێوەست بە دۆخی عێراق و ناوچەكە و رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكانی كۆرۆنا و داعش و دارایی باس كرد.
ئەمەریكا پشتگیری هەرێمێكی بەهێزی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق دەكات
لە دیدارەكە دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق و پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكا و خواست و هەلی پەرەپێدان و گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا و مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرنگی بەردەوامی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقیان، تاوتوێ كرد.

هەردوولا لەسەر تێپەڕاندنی كێشە و تەحەدییەكانی بەردەم عێراق و پشتگیری و كاری پێكەوەیی و هاوكاری نێوان لایەن و پێكهاتە عێراقییەكان هاوڕا بوون، لەمبارەیەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەتوانێ یارمەتیدەر و هاوكار بێت.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان كرد، كە لە چوارچێوەی بەشێكی تری هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، ئەمڕۆ بەشێكیان لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد. 

لای خۆیەوە باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ستایشی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە كرد، هەروەها پشتگیری ئەمەریكای بۆ هەرێمێكی بەهێزی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، دووپات كردەوە.

دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەوڵ و ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و گرنگیی كاركردن بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، بەشێكی تری كۆبوونەكە بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل