بۆڕییە ئاوەكەی هەولێر چاك دەكرێتەوە

:: AM:09:00:16/09/2020 ‌
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، تیمەكانمان تا درەنگانی شەو سەرقاڵی كاركردن بوون و ئەمڕۆ بۆڕییە ئاوەكە چاك دەبێتەوە و ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر تا سەعات یەكی شەو سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆڕییە ئاوەكەی هەولێر بوون كە ئیفراز سێیە.

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە بەیانیانی زوو تا سەعات یەكی شەو سەرقاڵی كاركردن بوون 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، ئەگەر هیچ كێشە و بەربەستێك نەیەتە پێش، ئەوا ئەمڕۆ بۆڕییە ئاوەكە چاك دەبێتەوە و ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، لە 48 سەعاتی ڕابردوو تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە بەیانیانی زوو تا سەعات یەكی شەو سەرقاڵی كاركردن بوون تا بەزوویی ئاو بۆ ماڵان بگەڕێننەوە، ئەوەیش بە چاككردنەوەی ئەو بۆڕییە ئاوە.

بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێ لە رۆژێكدا 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەكات كە دەكاتە 40٪ی شاری هەولێر. هەروەها لە هەولێر هەزار و 160 بیری ئاو هەن، 90 لەو بیرانە كارەبای موەلیدەیان بۆ دابین كراوە و 300 بیریش دوو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، زیاتر لە 700 بیریش یەك هێڵی كارەبایان هەیە كە ئاوی سەرجەم هەولێری پێ‌ دابین دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد