تەلار هیرانی: فۆڕمی دراماكانمان توركییە و لە ئاست داخوازی كۆمەڵگەكەمان نین

:: AM:10:19:16/09/2020 ‌
تەلار هیرانی خاتوونە ئەكتەری كورد لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ "وشە" باس لە ئەزموونەكانی خۆی لە بواری نواندن دەكات و پێی وایە، درامای كوردی ڕەسەنایەتی و كولتووری كوردەواری خۆی لە دەست داوە و دەڵێ، شتێكی توركییە و بەكوردی قسە دەكەن.
هەمیشە چاوەڕێی شتی باش بۆ شانۆی كوردی دەكەم، بەڵام شانۆ بە هەموو بەشەكانیەوە لە قەیراندایە

تەلار هیرانی سەرقاڵی كارێكی نوێیە و وەك بۆ "وشە" ئاماژەی پێ دەدات، لە داهاتووەكی زۆر نزیك، بە كارێكی هونەری تازە لە یەكێك لە كەناڵە كوردییەكان دەردەكەوم، ئەویش درامای "چەرخ و فەلەكە" كە لە دەرهێنانی بیلال شاكرە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كۆمەڵێك هونەرمەندی بەئەزموون جا چ ئەوانەی بەرانبەر كامێرا نواندن دەكەن یان ئەوانەی لە پشت كامێرا هاوكارن لەو درامایەدا كۆ بوونەتەوە، من لەو درامایە رۆڵی دایكێكی زۆر سادەم هەیە، دایكێك كە چوار منداڵی هەیە و لەو ژنانەیە غیرە لە مێردەكەی دەكات و دڵی لەناو دەستێتی مێردەكەی كەسێكی تری خۆش نەوێت.

"ئەو دایكە حیسابی زۆر بۆ كوڕەكەی دەكات، ئەوەی جێی دڵخۆشییە، شتەكان  زۆر بە كۆمیدی پێشان دەدەین، لەوانەیە ئەو كێشانە زۆر ناخۆش بن، بەڵام كە بە كۆمیدی پێشانی جەماوەری دەدەین، بینەر باشتر لێی تێدەگات". تەلار وای گوت.

لەبارەی ئەو درامایانەی ئێستە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێن ئەو هونەرمەندە پێی وایە، بەبۆچوونی من درامای كوردی كە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەیبینن، ڕەسەنایەتی خۆی لە دەست داوە، یەكەم شت ئێمە خەڵكی باشمان نییە لە بواری نووسینی دەقی كوردی و یان چیرۆك و سیناریۆی كوردی، ئەمە یەكێكە لە خاڵە هەرە گرینگەكان كە ئەو درامایە دەچێتە ناو هەموو ماڵێكەوە، وەك  بڵێی بەرهەمێكی توركییە و بە كوردی قسە دەكەن، بۆیە گرینگە جۆر و كوالێتی سیناریۆی كوردی دەبێ سیناریۆیەك بێت بچێتە ناو هەموو خەڵك و باسی هەموو كێشەكان بكات.

تەلار هیرانی ئەو تێڕوانینەی بۆ شانۆیش هەیە لە كوردستان و دەڵێ، بۆ پرسی شانۆش ڕەشبین نیم، هەمیشە چاوەڕێی شتی باش بۆ شانۆی كوردی دەكەم، بەڵام شانۆ بە هەموو بەشەكانیەوە لە قەیراندایە، ئینجا چ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تێكچوونی دنیا بەسەر یەكدا، شانۆ لەم تێكچوونە پشكی هەرە گەورەی بەركەوتووە.

هونەرمەند تەلار جەمال ناسراو بە تەلار هیرانی، سەرەتای كاركردنی لە شانۆوە دەستی پێ كردووە و وەك خۆی دەڵێ، لە تەمەنی شەش ساڵی شیعری خوێندووەتەوە، دواتر چەند ساڵێك لە گرووپی موزیكی ڕانیە بووە و ئامێری گیتاری ژەنیوە، دواتر لە تەمەنی 13 ساڵی چووەتە بواری شانۆ و بووە بە فێرخواز لەو بوارەدا، دواتر وەك ئەكتەری سینەما بە هەردوو زمانەكانی كوردی و سویدی رۆڵی بینیوە و تا ئێستەیش لە هونەرەكەی بەردەوامە.

هەولێر/ پەریهان عومەر




وشە - هیدایه‌ت جان