وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپات لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتەكەیان دەكاتەوە و بە باشترین یاسا لە مێژووی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دادەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بڵاوی كردووەتەوە، سەروان هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە كۆبوونەوەیەكدا دووپاتیان لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتەكەیان كردەوە.
نابێت ئیش و كاری هیچ هاووڵاتییەك لەژێر هیچ پاساوێكدا دوا بخرێت و پێویستە هەموویان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن
باس لەوەش كراوە، نابێت ئیش و كاری هیچ هاووڵاتییەك لەژێر هیچ پاساوێكدا دوا بخرێت و پێویستە هەموویان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن.
لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كراوەتەوە و لە مێژووی حوكمڕانی هەرێمدا یاسای چاكسازی بە باشترین یاسا دادەنێن لە بواری چاكسازیدا دەرچووبێت.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سەرمەشقی ئەنجامدانی چاكسازییەكەیە و چاوەڕێ دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەرییەكانی چاكسازی دەربكەوێ كە خۆی لە بڕینی دوو مووچەیی و لێسەندنەوەی پلەی زیادی وەزیفی و ناشایستە و چەندان سێكتەری تر دەگرێتەوە.
پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 16ی كانوونی دووەمی 2020 یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكانی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرد. ئەوەیش دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكەی رەوانەی پەرلەمان كرد و دوای پەسەندكردنیشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر كرد.
رۆژی شەشی شوباتی 2020، رۆژنامەی وەقایعی كوردستان كە رۆژنامەی فەرمی بڵاوكردنەوەی یاساكانە لە هەرێمی كوردستان، یاساكەی بڵاو كردەوە و پرسی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لە بانگەشە و پڕٍۆژەوە قۆناغێكی گرنگی بڕی.