هه‌فته‌ی داهاتوو له شاری كه‌ركووك بۆ یه‌كه‌م جار دوای وه‌ستانی ته‌واوی چالاكییه هونه‌رییه‌كان به‌هۆی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و ڕێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، جارێكی تر كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی گه‌نجی كوردی ئه‌و شاره شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوی (كورسییه‌كان) نمایش ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 16ی ئه‌یلوول، نه‌ژاد نه‌جم ده‌رهێنه‌ری شانۆگه‌ریی كورسییه‌كان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "شانۆگه‌ریی كورسییه‌كان له نووسینی یۆژین یونیسكۆیه و سینگرافیا و ده‌رهێنانی كاری خۆمه، بڕیارمان داوه دوای ماوه‌یه‌ك دابڕان له چالاكییه هونه‌رییه‌كان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، جارێكی تر ده‌ست به‌و چالاكییانه بكرێته‌وه، پێمان باش بوو ئاماده‌كاری بكه‌ین بۆ نمایشی ئه‌و شانۆگه‌رییه".
زیاتر گوتی، "ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شانۆگه‌رییه باس له دوو كاره‌كته‌ر ده‌كات ژنێك و پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن، له ده‌ست ناخۆشی و نائارامی و كوشتن و بڕین و كاره قێزه‌ونه‌كانی ژیان به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌وان دوور ده‌كه‌ونه‌وه و گۆشه‌گیر ده‌بن له خانوویه‌كی دووره‌ده‌ست ده‌ژین، دوور ده‌كه‌ونه‌وه له خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵك بڵێن ئه‌وه‌ی ئێوه تێدا ده‌ژین له كۆمه‌ڵگه پڕه له درۆ و ده‌له‌سه و كوشتن و بڕین كه ڕۆژانه ڕوو ده‌ده‌ن".
ئاشكرای كرد، "ئه‌كته‌ره‌كانی گرووپی شانۆیی ھه‌واری ئه‌و شانۆگه‌رییه، بریتین له هه‌وار فارس و هونه‌ر شه‌وقی و سه‌لام زه‌نگنه و هادی جوانرۆ و مسته‌فا به‌كر، كاری موزیك له‌لایه‌ن سیروان عومه‌ر ئاماده كراوه، دیكۆر و ڕووناكی به‌رھه‌م یاسین ئاماده‌ی ده‌كات، ڕاگه‌یاندن عه‌لی ئاراس سه‌رپه‌رشتی ده‌كات".
ئاماژه‌ی دا، "دوای دوو مانگ پڕۆڤه‌كردن، بڕیاره ڕۆژی سێشه‌م و چوارشه‌می داهاتوو كه هاوكات ده‌كاته 22 و 23ی ئه‌یلوول، سه‌عات پێنجی ئێواره له هۆڵی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك نمایش بكرێت و ھاتن بۆ ھه‌مووانه."
ڕوونی كرده‌وه، ئه‌م نمایشه پێشتر شه‌ش جار كارمان بۆی كردووه و پێشتر له وڵاتانی تریش نمایشمان كردووه، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌م ئاماده‌كارییه بۆ داوه‌تی وڵاتانی توونس و میسر كه به‌نیازین نمایشی بكه‌ین، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌بێته یه‌كه‌م كاری هونه‌ری دوای ڕێكاره‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان".