مافی مرۆڤی عێراق: مادەی هەشبەر دەبێتە دیاردەیەكی مەترسیدار

:: PM:05:06:16/09/2020 ‌

عێراق بەدەست دەیان تەنگژە و كێشەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت، ئەوەیش وەك دەرهاوێشتەی بوونی حكوومەتێكی لاواز و كە سەرەڕای چەندان یاسای سزایی، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی باند و گرووپەكان و ئەو گەندەڵییەی هەیە، عێراق بووەتە بازاڕێكی باشی مادەی هۆشبەر، ئەندامێكی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ وریایی لە خراپیی دۆخی عێراق دەدات.
كریستاڵ و كبتاكۆن دوو مادەی هۆشبەری سەرەكین لە عێراق
فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق روونی كردەوە، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر، بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار بۆ سەر خێزان و كۆمەڵگەی عێراقی، چەند هۆكارێك هەن هانی زیادبوونی تێكڕای ئەو حاڵەتە دەدەن، لەوانە هۆكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونی و پێوەست بە لاوازیی باوەڕ و دەروونی و زیادبوونی تێكڕای توندوتیژی خێزانی و لایەنی تەناهییەوە.   

ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەوانەی لەسەر دۆسیەی مادەی هۆشبەر لە عێراق راگیراون یان سزا دراون، لە 2018 گەیشتووەتە 9328 كەس و لە  2019 گەیشتووەتە  6407 كەس و لە 2020 تا مانگی ئەیلوول گەیشتووەتە 4594 كەس، ئەوە جیا لە هەرێمی كوردستان.

روونی كردەوە، هەردوو مادەی كریستاڵ و كبتاكۆن، زیاترین ئەو مادە هۆشبەرانەن كە لە عێراق بەكار دەهێنرێن.

شایەنی باسە پێشتر عێراق تەنیا وەك رێگەیەكی قاچاغی گەیاندنی مادەی هۆشبەر لە ئێران و ئەفغانساتەوە بەرەو وڵاتانی كەنداو بەكار دەهات، ئەوەیش بەهۆی جێبەجێكردنی توندی یاسا سزاییەكانەوە، بەڵام ئێستە بەهۆی جێبەجێ نەكردنی یاساكان و باڵادەستیی میلیشیاكان، عێراق بووەتە رێگە و بازاڕ بۆ بەكارهێنانی، كە بە گوتەی چاودێران بەكارهێنەرێكی زۆری ئەو مادەیە لە عێراق هەن و ئەوەیش وای كردووە ئاست و جۆری تاوانەكان زیاتر بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل