ئێران بەرەو سێیەم شەپۆلی كۆرۆنا دەچێت

:: PM:08:14:16/09/2020 ‌

ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا لە دنیا بە خێرایی رووی لە زیادبوونە و شارەزایان وریایی لە هاتنی وەرزی سەرما و دەست پێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەدەن، بەتایبەتی لە سایەی نادیاریی بەردەستبوونی ڤاكسینی چارەسەر دژ بە ڤایرۆسەكە، بەرپرسێكی باڵای ئێران باسی سێیەم شەپۆلی پەتاكە دەكات و وریایی لە خراپتربوونی دۆخی ئەو وڵاتە دەدات.
ژمارەی تووشبووان لە نەخۆشخانەكان دووهێند بووە
لەوكاتەی پێش ئێستە شارەزایان رایان گەیاند كە دووەم شەپۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران دەستی پێ كردووە، ئیریج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، ئاماژەی كرد كە دۆخی تەندروستی وڵاتەكەی باش نییە و رووبەڕووی دەریایەكی هەڵچووی زریانی كۆرۆنا دەبێتەوە، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئێران دووەم شەپۆلی ڤایرۆسەكەی تێپەڕ كردووە و لە داهاتوو دەچێتە ناو سێیەم شەپۆل، كە بەهێزترە لەوەی دووەم.  

حەریرچی لە لێدوانێكی بۆ تەلەڤزیۆنی ئێران روونی كردەوە، تارانی پایەتەخت بووەتە چوارڕیانێك بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ تەواوی ناوچەكانی تری وڵات، كە لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی تووشبووان لە نەخۆشخانەكان دووهێند بووە.

گەورەترین كێشەی ئێران و وڵاتانی زۆرینەیەكی شیعەیان هەیە، رێوڕەسمەكانی ئاینی شیعەیە، كە بە كۆمەڵ و ملیۆنان كەس رێپێوان و گردبوونەوە ساز دەكەن و سەردانی مەزارە پیرۆزەكانیان دەكەن، بەوەیش دەبێتە هۆی تێكەڵبوون و تووشبوونی هەزاران كەسی نوێ بە ڤایرۆسەكە. 

دەسەڵاتدارانی ئێران پێشبینی دۆخێكی سەخت بۆ وەرزی پایز دەكەن، كە جیا لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤایرۆسی ئینفلەوەنزایش دەردەكەوێت، بۆیە بنیازن ڤاكسینی دژ بە ئینفلەوەنزا بە پیر و منداڵ و نەخۆشانی درێژخایەن بدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل