سەرەڕای دروستبوونى تەنگژەی گەورەی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بههۆى بڕینى مووچه و بوودجه لهلایهن بهغداوه، هەروەها بەهۆى بوونی ڤایرۆسى کۆڕۆنا و کەمی نرخی نەوت و خراپبوونى ئابووریی دنیا، کەڵەکەبوونی کێشەکانی کابینەکانی تری حکوومەت و قەرزی زۆر بەسەریەوە، مەسروور بارزانی و تیمى حکوومەتەکەی، لە ئیدارەدانی تەنگژەکان سەرکەوتوو بوون و لەگەڵ ئەوەیشدا به ماوهى ساڵێك كێشهى چهندان ساڵى كارهباى ههرێمى چارهسهر كرد.
پڕۆژەكە لە ژێر چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دەبێت
بڕیارە ئهمڕۆ پێنجشەم 17ى ئهیلوول، پڕۆژەیەكی تری كارەبا لە هەولێر بكرێتەوە كە كۆتایی بە كێشەی پچڕانی كارەبا لە سنووری شارەدێی كەسنەزان لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەهێنێت.
پێشتر ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەریمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كردبوو، "پڕۆژەكە لە ژێر چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی پڕۆژەكە ئامادە دەبێت."
بهپێى زانیارییهكانى دهست "وشه" كهوتووه، ڕێوڕەسمەكە سەعات 10ی پێش نیوەڕۆ دەست پێ دەكات، هەنگاوەكە بریتییە لە دەرهێنانی كۆمەڵێك ڤیدەری كارەبا و بەستنەوەی وێستگەی كارەبای كەسنەزان بە هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی 132 كەیڤی. ئهم پڕۆژهیه كێشهكانى بارگرانییەكی زۆر لەسەر كارەبای سنوورەكە و حاڵەتەكانی پچڕانی كارەباى زۆر چارەسەر دەكات.
پێویستە بگوترێ پڕۆژەكە بە گوژمەی زیاتر لە 460 ملیۆن دینار لەلایەن كۆمپانیای دڵسۆز زووتر لە مۆڵەتی دیاریكراو تەواو كراوە.
ڕۆژى شهموو 12ى ئهیلوول، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە دوا قۆناغەکانی ئامادەکردنی تەندەردایە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر كه ئهمه یهكهم جاره له ههرێمى كوردستان له كابینهى نۆیهم جێبهجێ دهكرێت.
له پارێزگای ھەولێر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کارەبادا چەندان پڕۆژەی ستراتیژیی ئهنجام داوه، لەوانە /دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە ھێڵی 132 کەی ڤی و دانانی وێستگەی 132 کەیڤی سۆران کە دەکەوێتە سەر ڕێی سۆران - ڕهواندووز، ههروهها گۆڕینی تەلی نێوان شەقڵاوە - سۆران و فراوانکردنی وێستگەی سۆران بە گوژمەی 6.700.050 دۆلارى ئهمهریكى لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
لەگەڵ بوونی پڕۆژەی وەبەرھێنان بۆ بەرھەمھێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە ئاو (HIDRO +)، کە لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت - ئوسترالی و strog oil) بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێن. ههروهها بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای خەبات بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار.