هاووڵاتییانی بازیان رێی سەرەكی كەركووك – سلێمانییان گرت

:: PM:01:44:17/09/2020 ‌
هاووڵاتییانی شارۆكەی بازیان بەهۆی ئەوەی لە لایەن كارگەی گاسنی شارۆكەكەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە، رێی سەرەكی سلێمانییان بە ڕووی بارهەڵگری كارگەكان داخست.
بڕیار بوو 40 گەنجی بازیان دابمەزرێنن و لە بەڵێنەکەیان پاشگەز بوونەوە

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئەیلوول، چۆمان ئەحمەد نوێنەری هاووڵاتییانی بازیان بە "وشە"ی راگەیاند، سێ مانگ پێش ئێستە رێككەوتنێك كراوە لە لایەن هاووڵاتییانی بازیان و كارگەی گاسن، بۆ ئەوەی دامەزراندن بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە بكرێت بەپێی ئەو داواكارییەی كە هەیانە بۆ كاركردن لە كارگەكە.

روونی دەكاتەوە، ماوەی سێ مانگە ئێمە چاوەڕێی وەڵامی كارگەكە دەكەین، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە و بەپێچەوانەوە لە دەرەوەی شارۆكەكە كەسی تریان دامەزراندووە، ئەمەش پێچەوانە و سەرپێچییە لە رێككەوتنەكەمان.

ئەو نوێنەرە دووپاتی دەكاتەوە، چوار كارگەی چیمەنتۆ هەیە لە سنوورەكە، داوامان كرد بۆ بەشی باركردن هاووڵاتییانی ناوچەكە دامەزرێنن، ئەوان گوتیان لە هەر كارگەیەك 10 كەستان بۆ دادەمەزرێنین، واتە  40 كەس، بەڵام ئەمڕۆ سەردانمان كردن و هیچ وەڵامیان نەداینەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان