دوو گەنج منداڵێك لە كەڵبەی گورگێك رزگار دەكەن

:: PM:03:23:17/09/2020 ‌
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سووریا، وێنەی دوو گەنجی بریندار و منداڵێك بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەكرێ كە گورگێك لە یەكێك لە گوندەكانی سووریا، منداڵێكی رفاندووە و گەنجەكانیش منداڵەكەیان لە كەڵبەی گورگەكە رزگار كردووە. بۆیە هەرسێكیان بریندار بوون.
شوێنەواری كەڵبەی گورگەكە بە روومەتی منداڵەكەوە دیارە

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، لە گوندێكی پارێزگای رەقە لە سووریا، گورگێك منداڵێكی هەشت مانگیی رفاندووە، دوو گەنجیش بەڕێكەوت بینیویانە و ویستوویانە منداڵەكە رزگار بكەن، لەگەڵ رزگاركردنیدا هەردوو گەنجەكە بریندار دەبن.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە، منداڵەكە ناوی "عەبدولسەلام غەسان حوسێن" بووە، كاتێك گورگەكە پەلاماری داوە، كەڵبەی لە سەر و دەموچاوی منداڵەكە گیر كردووە و ویستوویەتی بیڕفێنێ، بۆیە بەپێی وێنەكە شوێنەواری كەڵبەی گورگەكە بە روومەتی منداڵەكەوە دیارە. هەردوو گەنجەكەیش دەموچاویان بریندار بووە.

ئەو دوو گەنجە یەكیان ناوی "خزام حەمادی /33 ساڵ/ و ئەوی تریان ناوی ئەنەس یاسین /21 ساڵ/ بووە". بۆیە ئەو رووداوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە رووداوێكی سەیروسەمەرە باس دەكرێ، هاوكات ئەو دوو گەنجەیش بە پاڵەوان ناویان دێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د