بازگەكانی سنووری كەركووك كەم دەكرێنەوە و پۆلیسی ناوخۆیان لێ جێگیر دەكرێ

:: PM:03:52:17/09/2020 ‌
عەمید عابیدین نەجمەدین بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی پردێ بە "وشە"ی راگەیاند، دەنگۆی گواستنەوەی 22 پۆلیس و ئەفسەری كورد لە پردێ دوورە لە راستییەوە، ئەوانەی لە پردێ گواستراونەتەوە 16 كەسن و شەشیان توركمان و 10یان كوردن.
دەبێ لە ماوەی ئەم هەفتەیە پۆلیسی فیدڕاڵی لە بازگەكانی سنووری كەركووك نەمێنن

بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ دەڵێ، گواستنەوەی پۆلیسەكانی ناوخۆ لە سنووری كەركووك بۆ بازگەكانی نێوان شارۆكە و شارەدێكانی پارێزگای كەركووكە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە هەنگاوێگی گرنگدا دەبێ پۆلیسی فیدڕاڵی بازگەكان رادەستی پۆلیسی ناوخۆ بكات، واتا جگە لە پۆلیسی فیدڕاڵی و لیوای 61ی هێزی سەرۆك وەزیران، تەنیا پۆلیسی ناوخۆ دەبرێتە بازگەكان و هاوكات ژمارەی بازگەكانیش كەم دەكرێنەوە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای دەكات، كەمكردنەوەی بازگەكانیش بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقە.

جەواد محەمەد بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دووبزی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، ئەو هەنگاوە بە گرنگ دەبینین و جێگیركردنی پۆلیسی ناوخۆ یەكێك بووە لە داواكارییەكانی كوردی ناوچەكە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان نایشارێتەوە، پۆلیسی فیدڕاڵی لە ناوچەكە بووبوون بە مایەی بێزاریی هاووڵاتییانی كورد و نەمانیان لە كەركووك داوای كورد بووە.

خالد ئیبراهیم بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە دووبز بە "وشە"ی راگەیاند، هەر هەوڵێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت پشتگیری دەكەین و ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێكی تر لەو پێوەندییەوە بدات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دەبێ لە ماوەی ئەم هەفتەیە پۆلیسی فیدڕاڵی لە بازگەكانی سنووری كەركووك نەمێنن و لە شوێنیان پۆلیسی ناوخۆیی دابنرێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان