تا ئێستە چەندان رفێنراوی ئێزیدی دەستی داعش چارەنووسیان دیار نییە، ئەوەیش بووەتە نەهامەتییەكی تری ئێزیدییەكان كە لە چاوەڕوانی ئازیزانیانن، زانیارییەكان باسی بوونی ژمارەیەكیان لە وڵاتانی ناوچەكە دەكەن، پەرلەمانتارێكی ئێزیدیش لە عێراق دووپاتی كردەوە كە داوایان كردووە لیژنەیەك بۆ گەڕاندنەویان پێك بێنرێت.
هێنانەوەی رفێنراوانی ئێزیدی دیارترین بابەتە ئەوانی سەقاڵ كردووە
خالدە خەلیل، پەرلەمانتاری ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پرسی رفێنراوانی ئێزیدی دیارترین بابەتە كە ئەوانی سەقاڵ كردووە، چونكە تا ئێستە دوو هەزار و 887 تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە ئەوەی ئێزیدییەكان داوای دەكەن ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەوان و هێنانەوەیانە بۆ كەسوكاریان.
زیاتر گوتی، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، چونكە پێویستیمان بە هەوڵێكی نێودەوڵەتییە لەوبارەوە، كە لەوانەیە ئەوان لە وڵاتانی دراوسێی عێراق گلدرابنەوە.
ئەمڕۆ
فازڵ غەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرا كرد، لە ماوەی كەمتر لە مانگێك خۆكوشتنی سێ ئاوارەی ئێزیدیمان لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە دهۆك و چیای شنگال تۆمار كردووە، ئەوان لەوانە بوون كە قوربانی توندوتیژی و بە كۆیلەكردن بوونە لە سەردەمی داعش، كە بە دەست دۆخێكی خراپی دەروونییەوە بەهۆی ئەو تاوانانەی بەرانبەریان كراوە و لەدەستدانی كەسوكاریان و مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر لەو كەمپانە، دەناڵێنن.
بەپێی زانیاری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چارەنووسی ئێزیدییە رفێنراوەكان، ئاماژە دەكەن كە رەنگە ئەوان لە سووریا بن، كێشەی ئێزیدییەكان گەورەیە، كێشەكە ئەوەیە پرسی ئەوان لەلایەن حكوومەتە دواییەكەكانی عێراق گرنگی پێویستی پێ نەدراوە، ئەوەیش وای كردووە كۆمەڵگەی ئێزیدی هەست بە فەرامۆشكردن و بێزاری بكات، ئەوەیش كاریگەری نەرێنی گەورەی بۆ سەر دۆخی ژیان و بوونی ئەوان هەیە لە ئایندەدا.