فوئاد حوسێن: داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەین دەست لە كاروباری عێراق وەرنەدەن

:: PM:06:42:17/09/2020 ‌

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە وڵاتانی دراوسێی عێراق كرد كە رێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرن و دەست لە كاروباری ناوخۆیی وەرنەدەن، دووپاتی كردەوە كە رێكخراوی داعش هەوڵی خۆرێكخستنەوە لە عێراق و سووریا و چەند وڵاتێكی ئەفریقیا دەدات.
تا ئێستە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق
وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی مێوانداریكردنی لەلایەن یانەی رۆژنامەوانی ئەوروپا لە برووكسڵی پایەتەختی بەلجیكا و لە چوارچێوەی سەردانێكی بۆ وڵاتانی ئەوروپا گوتی، عێراق دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا فرەوانتر بكات و لە هەموو بوارەكاندا هاریكاریان هەبێت، داوای لە كۆمپانیا ئەوروپییەكان كرد، بەتایبەتی لە بوارەكانی وزە و نەوت و گاز، وەبەرهێنان لە عێراق بكەن.  

حوسێن ئاماژەی كرد، عێراق دەیەوێ پێوەندی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەبێت و نایەوێ خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەریان بەكار بێت، هاوكات پێویستە ئەوان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و دەست نەخەنە ناو كاروبارییەوە، بۆیە داوایان لێ دەكەین رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و دەست لە كاروباری ناوخۆیی وەرنەدەن.

لەوەڵامی رۆژنامەوانان، حوسێن باسی پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسی و تەناهی عێراق كرد و ئاماژەی بۆ چەندان تەنگژە كرد رووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە تیرۆر و دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنا، روونی كردەوە، لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا لەگەڵ وڵاتان هەوڵ دەدەین و دابەزینی نرخی نەوتیش بووەتە هۆی دروستبوونی تەنگژەیەكی ئابووری، ئەو وریایی لەوە دا كە رێكخراوی داعش تا ئێستە هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و وڵاتانی دراوسێی و دنیا، ئەوان دەیانەوێ خۆیان لە عێراق و سووریا و چەند وڵاتێكی ئەفریقیا رێك بخەنەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل