واشنتن سزای نوێ بەسەر حزبوڵای لبنانی دەسەپێنێت

:: PM:07:11:17/09/2020 ‌

گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و لایەنگرانی بەردەوامە، ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر دوو كۆمپانیا و كەسایەتییەك سەپاند كە سەر بە حزبوڵان و بۆ حزبەكە كار دەكەن.
حزبوڵای لبنانی لە گەندەڵی تێوەگلاوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا كە لە ماڵپەڕی خۆی لە ئینتەرنێت بلاوی كردەوە، سزاكان هەردوو كۆمپانیای "ئارتش" و "میعمار"، دەگرێتەوە كە بارەگایان لە لبنانە، چونكە خاوەنداریەتیان بۆ حزبوڵا دەگەڕێتەوە یان كەوتوونەتە ژێر كۆنترۆڵی ئەو حزبەوە.

سزاكان بەسەر سوڵتان خەلیفە ئەسعەد، كەسایەتی لبنانیش هاتە سەپاندن، كە بەرپرسە لە ئەنجوومەنی جێبەجێكاری حزبوڵا و پێوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ دوو كۆمانیاكەدا هەیە، وەك بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا باسی كرد.

لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەرانی سیاسی لبنانی بە سوودبینین لە نەبوونی دیودەری لە ئابووری لبنان بۆ شاردنەوەی هۆكاری دەوڵەمەندبوونیان تۆمەتبار كرد، لەوكاتەی وا خۆیان پێشان دەدەن كە بەرگری لە مافی گەلی ئەو وڵاتە دەكەن، گوتی، سەرەڕای بانگەشاكانیان پێچەوانەی ئەوە، گرووپی حزبوڵای تیرۆریست بە هاوشێوەی لایەنە كاریگەرەكانی تر لەو فێڵبازییەدا تێوەگلاوە.

شایەنی باسە حزبوڵا لەگەڵ یووسف فینیانۆس، وەزیری پێشووی لبنانی دەستی هەبووە لە پێدانی چەندان گرێبەستی حكوومەتی بە كۆمپانیای "ئارتش"، بە بەهای چەندان ملیۆن دۆلار و هەردوو كۆمپانیاكە بەشێكیان لەو پارەیە داوەتە ئەنجوومەنی جێبەجێكاری حزبولاوە.

 لە 8ی ئەم مانگەدا ئەمەریكا سزای بەسەر دوو وەزیری پێشووی لبنان سەپاند، بەهۆی هاوكاریكردنی حزبوڵا و تێوەگلان لە گەندەڵیدا، لەوكاتەی ئەمەریكا لە 1997 حزبوڵای لبنانی خستووەتە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل