قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە بەشەكانی زانستی و وێژەیی نیگەرانن لەوەی لە بەغداوە پرسیاری پڕ لە هەڵە و دیاریكراویان بۆ هێنراوەتەوە، بەرپرسێكی خوێندنی كوردیش لە كەركوك ئاماژە دەكات، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان ئاگادار كردووەتەوە و پەرلەمانتارانی كوردیش هاتوونەتە ناو بابەتەكەوە.
حەوت هەزار قوتابی شەشەمی ئامادەیی لە كەركووك هەن
دنیا حەسەن، وەك كچە قوتابییەك بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پرسیار لە تاقیكردنەوەكان لە مەلزەمەی مامۆستای دیاریكراو هێنراوەتەوە، بەدەر لەوەیش دەیان قوتابی كە ساڵانێكە لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی ماونەتەوە، هاوشێوەی قوتابیانی زیرەك رێگەی بەشداریكردنیان لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ پێ دراوە.
پەروین فاتیح، لێپرسراوی یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئەیلوول، لەلایەن قوتابییانەوە هێرش كراوەتە سەر من، لەكاتێكدا ئێمە داكۆكیمان لە قوتابیانی كورد كردووە .
زیاتر گوتی، پرسیاری تاقیكردنەوەكان پڕن لە هەڵە و كەموكورتی، دەزانین لەلایەن مامۆستایانی كوردەوە دانراوە، بەڵام نازانین چۆن دانراوە و بە چ میكانیزێك پرسیار دادەنێن، هەندێك بابەت تەرك كراوە و پرسیاریان لێی هێناوەتەوە.
ئەو لێپرسراوەی یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی ئەوەی پشتراست كردەوە كە بابەت هەبووە لە مەلزەمەی مامۆستایەكی دیاریكراو هێنراوەتەوە، هاوكات لە بابەتەكانی زیندەوەرزانی و ئابووری و كیمیا كێشەی گەورە هەبووە، دووپاتی كردەوە، كۆی ناڕەزایی قوتابیانی شەشەمی ئامادەییمان ئاراستەی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەویش هاتووتە سەر هیڵ و وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقی ئاگادار كردوەتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە.
پەروین فاتیح، كە هاوكات لە لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكانە، دووپاتی كردەوە، ئێمە تەنیا لە دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان بەرپرسین، نەك پرسیاردانان، بە ژمارەیش باسی لەوە كرد، حەوت هەزار قوتابی بەشی زانستی و وێژەیی شەشەمی ئامادەیی لە كەركووك هەن.
لە كۆتادا پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە هەڵەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەوەیە، رێگەی بەشداریكردنی گشتی بە قوتابیان داوە، واتا (دخول عام)، ئەوەیش بووتە هۆكارێك كە قوتابی زیرەك و تەمبەڵ پێكەوە تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی