پێنجوێنییەكان مین و تەقەمەنی شەڕی عێراق و ئێرانیان بە میرات بۆ ماوەتەوە

:: PM:08:13:17/09/2020 ‌

لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، شارۆكەی پێنجوێن لە هەبوونی پاشماوەی مین و تەقەمەنی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، پلەی یەكەمی هەیە و لە چەند گەڕەكێكی ناو پێنجوێنیش، هێشتا مەترسی تەقینەوەیان بۆ سەر دانیشتووانەكەی هەیە.
بەفر و باران مینەكان دێنێتە بەردەمی ماڵەكان
عوسمان تۆفیق، دانیشتووی گەڕەكی ناوشاخانی خوارووی شارۆكەی پێنجوێنە، بە"وشە"ی راگەیاند، یەكێك لەو مەترسیانەی تا ئێستە لەسەر ژیانی بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی ناوچەكە ماوە، بوونی پاشماوەی مین و تەقەمەنییەكی زۆری سەردەمی شەڕی ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە، كە مێژووەكەی بۆ ساڵانی 1980 تا 1988 دەگەڕێتەوە، كە لەو كاتەدا ئێرە یەكێك بوو لە ناوچە گەرمەكانی جەنگ.

زیاتر گوتی، دوای 1991 و گەڕانەوەی پێنجوێنییەكان لە ئۆردوگای زۆرەملێكان، هەرچەندە رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكانی ساڵانێكی زۆر سەرقاڵی پاككردنەوەی زەوییە بە مین چێنراوەكان بوون، بەڵام زۆری رێژەكەی وای كردووە هێشتا مین بمێنێ، بەتایبەتی لە هەردوو گەڕەكی ناوشاخان و بووبانی، بەشی خوارەوەی پێنجوێن و لە وەرزی بارانباریندا، ساڵانە بەفر و باران و لافاو، مینەكان دێنێتە ناو گەڕەك و بەردەمی ماڵەكان و ژیانی خستووینەتە مەترسییەوە.

تۆفیق داوای چارەسەری ئەو كێشەی لە حكوومەتی هەرێم كرد و و ئاماژەی كرد، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم پێویستە كار بۆ پاككردنەوەی تەواوی زەوییە مەترسیدارەكانی پڕ لە مین و تەقەمەنی پێنجوێن بكات.

هاوكات بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە سلێمانی، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە"، هاتووە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا شارۆكەی پێنجوێن، پلەی یەكەمی هەیە لە بوونی مین و تەقەمەنی، چونكە تا ئێستە بەهۆی بوونی پاشماوەی مین و تەقەمەنی و هاوسنووری ناوچەكە لەگەڵ ئێران، هەزاران  كێڵگەی مین و تەقەمەنی بوونی هەیە، هەر بەپێی ئامارەكە، زیاتر لە هەزار كەس بوونەتە قوربانی و بریندار و كەمئەندام بوون.

شارۆكەی پێنجوێن، دەكەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، بۆیە بەهۆی نزیكی لە بەرەكانی جەنگی هەشتاكانەوە، تا ئێستەیش هەزاران مین و تەقەمەنی، بوونیان هەیە و نەتوانراوە بە تەواوەتی پاك بكرێتەوە، ساڵانەیش تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین لە مانگەكانی تشرینی یەكەم بۆ ئازارەوە كارەكانیان بەهۆی وەرزی سەرماوە رادەگرن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل