پاڕكێكی گەورە لە شارۆكەی هەریر دروست دەكرێت

:: PM:09:00:17/09/2020 ‌

بڕیاری دروستكردنی پاڕكێك لە شارەدێی هەریری سەر بە شارۆكەی شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرچووە و سەرۆكی شارەوانی ناوچەكەیش زانیاری تەواو بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو .
لە داهاتوویەكی نزیك دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت
زاهیر بناوی، سەرۆكی شارەوانی هەریر ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی كەمی رێژەی سەوزایی و نەبوونی هیچ پاڕكێك لە شارەدێیەكەمان، هەوڵی زۆرمان دا بۆ دروستكردنی پاڕكێكی گەورە،  خۆشبەختانە ڕەزامەندی لەسەر دروستكردنی وەرگیرا.

زیاتر گوتی، پاڕكەكە لە سەنتەری شار لەسەر رووبەری 25 هەزار مەتر دووجا دروست دەكرێ و لە چەند بەشێكی جیا جیا پێك دێ، وەك رێژەیەكی زۆری سەوزایی و یاری جۆراوجۆری منداڵان و شوێنی دانیشتن و حەسانەوە و دار و درەخت .

سەرۆكی شارەوانی هەریر روونی كردەوە، لیژنەیەكی هاوبەش لە جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر سەردانی هەریریان كرد بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی پاڕكەكە، جیا لەوە هەر ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ناوچەكەی بەسەر كردەوە . 

دووپاتی كردەوە، بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەك لە سەرووی هەموویانەوە پارێزگاری هەولێر، ئامادەكاری تەواو كراوە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لە ڕێگەی بەلێندەر دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پاڕكی هەریر بكرێ، ئەمەیش سوودی باشی بۆ چین و توێژەكانی سنوورەكەمان دەبێت.

شارەدێی هەریر لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی شەقڵاوەیە، رووبەری جوگرافی 560 كم دووجایە و نزیكەی 50 گوندی هەیە، 40 هەزار كەس ژمارەی دانیشتوانی هەریر پێك دێنێت، دەشتی هەریر یەكێكە لە دەشتە بەناوبانگەكانی هەرێمی كوردستان .

هەریر/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل