فەرمانی گرتن و قەدەغەی گەشتكردن بۆ ژمارەیەك بەرپرسی عێراق دەردەچێت

:: PM:09:28:17/09/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی بە زنجیرەیەك گۆڕانكاری لە پۆستە باڵاكان كرد، جیا لەوەیش فەرمانی گرتنی بۆ ژمارەیەك بەرپرسی ئێستە و پێشووی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەركردووە، سەرچاوەیەك رای گەیاند، فەرمانی گرتن و قەدەغەی گەشتكردن بۆ ژمارەیەك بەرپرسی عێراق دراوە.
لیستێك بۆ گۆڕینی 15 پۆستی تر دەردەچێت
سەرچاوەكە روونی كردەوە، بە فەرمانی كازمی، قەدەغەی گەشتكردن بۆ زیكرا عەلووش، ئەمینداری پێشووی بەغدای پایەتەخت و بەڕێوەبەی گرێبەستەكان لە وەزارەتی پلاندانان دەرچووە، جیا لە دەركردنی فەرمانی گرتن بۆ عەمار مووسا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئاوی بەغدا.

ئەو پەرەسەندانانە دوای چەند سەعاتێك دێت لە گرتنی بەها حوسێن عەبد هادی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای كی كارد لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەكاتی هەوڵی راكردنی لە عێراق، وەك سەرچاوەیەكی تەناهی دووپاتی كردەوە.

شایەنی باسە دوێنێ لیژنەی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی لە چەند رۆژی رابردوودا، فەرمانی گرتنی بۆ هەریەك لە ئەحمەد ساعدی، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی خانەنشینی لە بەغدا و شاكر زاملی، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی بەغدایان دەركرد و ئەوان گیران، ئەوانەیش بە فەرمانی تایبەتی كازمی بووە.

لای خۆیەوە رەحیم عەبوودی، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد كە كازمی 16 پۆستی جێبەجێكردنی لە كۆی 200 پلەی تایبەت گۆڕیوە، ئەوەیش ناڕەزایەتی هێزە سیاسییەكانی لێ كەوتووەتەوە و ئەوان ئێستە ئەقام لەدژی ئەو گۆڕانكاریانەی كازمی هان دەدەن و ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە لیستێكی تر بە گۆڕینی 15 پۆستی تر دەردەچێت و كازمی تا تشرینی یەكەمی داهاتوو لە گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل