ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی به ناونیشانی براوه و دۆڕاوه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی له واشنتن بۆ ڕێككه‌وتنی ئیماڕات و به‌حرێن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ساز كرا، جیا له نمایشێكی تره‌مپ هیچی تر نه‌بوو، تره‌مپ له‌و ڕێیه‌وه ده‌یه‌وێ به ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵێ، كه له سه‌رده‌می ئه‌ودا ئه‌مه‌ریكا له‌وپه‌ڕی باڵاده‌ستی خۆیدا بووه و زۆرترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر جیهانه‌وه هه‌بووه و پشتیوانی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی ئاشتییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، تاكه ئامانجی ئه‌و نمایشه سیاسییه بۆ پشتیوانیكردنی تره‌مپ و ڕزگاركردنیه‌تی له‌و هه‌موو ڕه‌خنه زۆرانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌كرێته‌وه و هه‌ڵه زۆره‌كان كه ئه‌نجامی داوه، خۆشبه‌ختانه دۆخه‌كه بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ڕوونه و له‌وه گه‌یشتوون كه ئه‌نجامدانی كارێكی له‌مشێوه‌یه له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن، جیا له هه‌وڵێك بۆ خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیچی تر نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ئه‌م كاره به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكییه‌كان نییه و خۆدزینه‌وه‌ی تره‌مپه له به‌ڵێنه زۆره‌كان كه له هه‌ڵبژاردنی پێشوو به خه‌ڵكی دا و ئێسته به‌مه ده‌یه‌وێ سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، هه‌رچه‌نده تره‌مپ ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك هه‌وێن و سه‌رچاوه‌ی ئاشتی له جیهان وێنا بكات، به‌ڵام تا ئێسته شه‌ڕی تیرۆر له عێراق و سووریا و ئه‌فغانستان به‌رده‌وامی هه‌یه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش له‌وێ هه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه تره‌مپ كۆتایی تیرۆری ڕاگه‌یاندووه و به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایشی بۆ وڵات داوه، به‌ڵام ئه‌مانه له واقیع هیچی نه‌هاتوونه‌ته دی.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا، تره‌مپ به ته‌واوی له‌و بڕوایه‌دایه، كه نه‌یتوانیوه هیچ یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت و به ته‌واوی له كێشه‌دایه، بۆیه ئه‌و نمایشه سه‌ربازییه‌ی له نێوان وڵاتانی كه‌نداو و ئیسرائیل دروست كردووه و به په‌له‌یش بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له عێراق و سووریا و ئه‌فغانستان ده‌ركرد، تا وا له خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت، كه پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بووه.
ئیسرائیل و ئیماڕات و توركیا سێ براوه‌ی یه‌كه‌می گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن
له‌و نێوه‌نده‌دا و له ئه‌نجامی ئه‌و شۆیه سیاسییه تاكه براوه بریتی ده‌بێ له ئیماڕات و ئیسرائیل، ئیسرائیل كاریگه‌ری زۆرتر له‌سه‌ر عه‌ره‌ب دروست ده‌كات و كێشه و توندوتیژییه‌كان به‌وهۆیه‌وه له‌سه‌ر سنووره‌كانی كه‌متر ده‌بێته‌وه، چونكه ئیتر چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی ده‌بنه هاوپه‌یمان و دۆستی وڵاته‌كه، ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بزووتنه‌وه چه‌كداریخوازه‌كانی فه‌ڵه‌ستین به گشتی و خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستین به تایبه‌تی داده‌نێت و وا ده‌كات جارێكی تر بیر بكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین سووده بۆ ئیسرائیل كه له دوای دامه‌زراندنییه‌وه، هه‌میشه به ده‌ست ئه‌و كێشه ته‌ناهییانه‌ی له ناوچه‌كه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه بۆی دروست ده‌كرێ، ناچاره سوپاكه‌ی له ئاماده‌باشی ته‌واودا بێ و له شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بێ له‌گه‌ڵ گرووپه چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین.
ئیماڕات به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی بۆ وه‌به‌رهێنان و هاتنی كۆمپانیا به‌هێزه‌كانی ئیسرائیل ده‌كاته‌وه، له ڕووی ئابوورییه‌وه هه‌نگاوی مه‌زنتر و پێشڤه‌چوونی گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و ده‌بێته ناوچه‌یه‌ك كه له ئه‌وروپا زیاتر پێش بكه‌وێ و داهاتوویه‌كی زۆر ڕۆشنتری هه‌بێت، كه ئه‌مه‌یش ئه‌و خه‌ونه‌یه كه به‌رپرسانی ئیماڕات هه‌میشه له خه‌ودا خه‌ونی پێوه ده‌بینن، كه وا له ئیماڕات بكه‌ن، كه ته‌نیا پشت به نه‌وت نه‌به‌ستێ، به‌ڵكو زۆرترین وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیای جیهانی بهێننه وڵاته‌كه‌یان تا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و پاره بهێننه ناو وڵاته‌كه‌وه.
به‌رپرسێكی ئیماڕاتی له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه چیتر پێویستمان به نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ئایدلۆجیا نییه و پێویسته بیر له داهاتوو و نه‌وه‌كانمان بكه‌ینه‌وه و گرنگی به زانست و ته‌كنه‌لۆجیا بده‌ین و ببین به هاوبه‌شی بازرگانی و پێشڤه‌چوونه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیا.
سعوودیه و عێراق و ئه‌مه‌ریكا دۆڕاون و پاشه‌كشه ده‌كه‌ن
سێیه‌م براوه‌ی ئه‌و یارییه‌ی تره‌مپ ده‌ستی پێكردووه، بریتی ده‌بێ له توركیا، چونكه یه‌كێك له به‌شه‌كانی یارییه‌كه بریتییه له كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، توركیا له پاوانخوازی ئێسته له ئێران مه‌ترسیدارتره و پێچه‌وانه‌ی تاران كه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ گرووپه میلیشیاكان ئاراسته ده‌كات، ئه‌نكه‌ره خۆی هێرش ده‌كاته سه‌ر ناوچه‌كانی سنووری عێراق و سووریا، له لیبیایش ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش گۆڕه‌پانكه زیاتر بۆ ئه‌نكه‌ره چۆڵ ده‌بێ و سوودی زۆر له‌و بڕیارانه‌ی تره‌مپ ده‌بینێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر سۆزی ئاینی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌كات و به‌ره‌و پشتیوانیكردنی ئه‌و ڕه‌وته ئیسلامییه‌ی توركیا هانیان ده‌دات.
دۆڕاوی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌و نێوه‌نده‌دا شانشنی عه‌ره‌بی سعوودیه‌یه، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته دروست ده‌بێ، چونكه ئیماڕات و به‌حرێن زۆرترین پێشڤه‌چوونی سیاسی‌یان ده‌ست پێكردووه و له‌ملاوه‌یش توركیا و ئێران بوونه‌ته ڕكابه‌ریان و ڕۆڵی سعوودیه كه جاران سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو، ئێسته كه‌متر كاریگه‌ری ده‌بێت له گۆڕانكارییه‌كاندا.
دوای ئه‌مه‌یش، هه‌ریه‌ك له عێراق و سووریا و پاكستان و ئه‌فغانستان زۆرترین زیانیان به‌ر ده‌كه‌وێ، له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یش، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دۆڕاوی یه‌كه‌م ده‌بێ و زۆرێك له به‌رژه‌وندییه‌كانی له ناوچه‌كه له ده‌ست ده‌دات.