لە هەولێر كەسێك ئۆتۆمبێلەكەی دەسووتێنێت

:: AM:08:22:19/09/2020 ‌
بەرپرسێكی بەرگری شارستانی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، كەسێك بەهۆی كێشەی خێزانی ئۆتۆمبێلەكەی دەسووتێنێت و ڤیدیۆی ساتی سووتاندنەكەشی هەیە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئەیلوول، سەركەوت كاڕەش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ‌ پێوەندیمان پێوەكرا كە ڕووداوێكی سووتانی ئۆتۆمۆبێل هەیە لە گەڕەكی سەروەران.

دەركەوت خاوەنەكەی خۆی ئۆتۆمبێلەكەی سووتاندووە هۆكارەكەشی بەهۆی كێشەی خێزانی بووە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی، دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو دوای لێكۆلینەوە لە ڕووداوەكە دەركەوت خاوەنەكەی خۆی ئۆتۆمبێلەكەی سووتاندووە هۆكارەكەشی بەهۆی كێشەی خێزانی بووە.

باسی لەوەشكرد، هۆكاری زۆر سووتانی ئۆتۆمۆبیلەكەش بەهۆی بەكارهێنانی بەنزین بووە بۆ سووتاندنی، هەروەها ڤیدیۆی ساتی كەوتنەوەی ئاگرەكەشمان لا پارێزراوە.

سووتانی ئەو ئۆتۆمبێلە لە كاتێكە دوێنێ‌ سێ‌ ڕووداوی تری سووتانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەبوو ئەوەیش لای هاووڵاتییان بۆتە پرسیار كە ئەو ئۆتۆمبێلانە كێشەی تەكنیكیان هەیە یان كێشەی سووتەمەنی.



وشە - رامیار جەواد