سێ وڵاتی ئەوروپا لە گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران بە قسەی ئەمەریكا ناكەن

:: AM:10:00:19/09/2020 ‌
ئەمەریكا پێداگری لەوە كردووە سەرجەم ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوون و هەڵپەسێرابوون، ئەمشەو دووبارە دەگەڕێنرێنەوە، بەڵام سێ وڵاتی ئەوروپا دەڵێن هێشتا سزاكان لای ئەوان بە هەڵپەسێراوی دەمێننەوە.
هەڵپەساردنی سزاكان لە دوای 20ی ئەیلوولیش لە چوارچێوەی رێككەوتنی ناوكیی درێژەیان دەبێت.

هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فڕەنسا لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە، ئاماژەیان داوە هەڵپەساردنی سزاكان لە دوای 20ی ئەیلوولیش لە چوارچێوەی رێككەوتنی ناوكیی درێژەیان دەبێت.

بەگوێرەی بی بی سی، ئەوان لە نامەكەدا ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، هەر بریارێكی تر بۆ گەڕاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران، ناكەوێتە چوارچێوەی یاساكانەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایی ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ناوكیی هاتە دەرەوە و دواتر یەكلایەنە سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوكاتیش سێ وڵاتی ئەوروپا پاڵپشتییان لە رێككەوتنی ناوكی كرد و درێژەیان پێ دا.

مانگی رابردووش ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەوڵی دا سزاكانی فرۆشتنی چەك بە ئێران درێژ بكاتەوە، بەڵام هەوڵەكەی سەری نەگرت و بەپێی یاساكەش، ئێران كەمتر لە مانگێكی تر بۆی هەیە چەك بۆ خۆی دابین بكات.


وشە - سلێمان تاشان