شێوازێكی نوێی پشكنینی كۆرۆنا راگەیەنرا

:: AM:10:47:19/09/2020 ‌
بۆ یەكەم جار لە كەنەدا شێوازێكی نوێی پشكنینی كۆرۆنا تاقی كرایەوە كە جیاوازە لە شێوازەكانی پێشتر، زیاتر لەسەر كەسانی تەمەن چوار تا 19 ساڵ تاقی دەكرێتەوە.

دكتۆر بانی هێنری بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای بریتیش لە كۆڵۆمبیا ئاماژەی داوە، بۆ یەكەم جارە ئەم جۆرە تاقیكردنەوەیە دەكەن و لە هیچ شوێنیكی تری دنیا تاقی نەكراوەتەوە.

شێوازە نوییەكە هێندەی هەمان شێوازی پێشوو كە لە رێی لووت و قوڕگەوە نموونەی پشكنین وەردەگیرا سەركەوتووە. لەم شێوازە نوێیە كەسەكە غەڕغەڕە بە ئاو و خوێ لە دەمیدا دەكات و پاشان دەیخاتە ناو زەرفێكەوە و پشكنینەكەی لەسەر ئەنجام دەدریت.

دەركەوتووە هیچ جیاوازییەك لە دەرەنجامەكاندا نییە.
ئەوان پشكنینەكانیان لەگەڵ شێوازە باوەكە بەراورد كردووە و بۆیان دەركەوتووە هیچ جیاوازییەك لە دەرەنجامەكاندا نییە.

بەگوێرەی شەفەقنا، كەنەدا بۆیە ئەو شێوازە لە پشكنینە دەكات، چونكە قوتابخانەكان كراونەتەوە و لەو ماوەیەشدا داخوازی لەسەر پشكنینی كۆرۆنا زیادی كردووە.

لە هەرێمی كوردستانیش پشكنینەكان زیاتر لە رێی لووت و قوڕگەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوانەی ئەو پشكنینە دەكەن دەڵێن لە كاتی وەرگرتنی نموونەی پشكنینەكە هەست بە بێزاری دەكەن، بەڵام لە شێوازە نوێیەكەی كەنەدا ئەم بێزارییە لە ئارادا نییە.



وشە - سلێمان تاشان