بەهۆی پرسی ژینگە كاركردن لە گەورەترین پڕۆژەی دەرهێنانی زێڕ وەستێنرا

:: AM:11:39:19/09/2020 ‌
دادگایەكی شیلی بەهۆی زیانگەیاندن بە ژینگە، بڕیاری دا كاركردن لە گەورەترین پڕۆژەی دەرهێنانی زێڕ رابگرێت. كانگای زێڕەكە كەوتووەتە سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرجەنتین.

كۆمپانیای كەنەدی بریك گۆڵد كە بە تەمابوو هەشت ملیار دۆلار لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێنان بكات، لەلایەن دادگاكەوە بە پێدانی بڕە پارەیەك سزا درا.

كۆمپانیا كەنەدییەكە بەوە تۆمەتبار كراوە بووەتە هۆی تێكدانی ژینگەی ناوچەكە و پێویستە لە بری ئەمە نۆ ملیۆن دۆلار بدات.

دوای پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكە، كۆمەڵێك رێوشوێن و رێنوێنی دانرابوون بۆ ئەوەی بۆ پاراستنی ژینگە لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام دەگوترێ هیچ كامیان جێبەجێ نەكران، بۆیەش دادگا لێكۆڵینەوەی لە كارەكە كرد.

فەرمانگەی ژینگەی شیلی سەرەتا بڕیار بوو لە دادگایەكی لۆكاڵی سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام دواتر بڕیاری دا لە دادگایەكی گەورە ئەو دۆسیەیە لە دژی كۆمپانیا بجووڵێنێت.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، بڕیارەكەی دادگا كاتی نییە و دەبێت بۆ هەمیشە كاركردن لەم كانگایەی زێڕ بوەستێت. خەڵكی هەردوو دیوی سنوور دژی پڕۆژەكە بوون. 
615 هەزار ئۆنس زێڕ و سەرووی 18 ملیۆن تۆن زیو لەو كانگایە هەیە.

كۆمپانیاكە پێشبینی كردبوو 615 هەزار ئۆنس زێڕ و سەرووی 18 ملیۆن تۆن زیو لەو كانگایە هەبێت.

خەڵكی ناوچەكە دەیان ساڵ بوو بۆ ئاوی خواردنەوە سوودیان لە بەفراوەكان وەردەگرت كە دەبوون بە ڕووبار، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەكە ئاوی رووباریش پیس بووبوو و بە كەڵكی خواردنەوە نەدەهات و رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە هەڵكشابوو.



وشە - سلێمان تاشان