سوپای پاسداران دیسان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كوژرانی قاسم سلێمانی كرد

:: PM:12:05:19/09/2020 ‌
سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڕەشەكانی دژی ئەمەریكا بەردەوامە و راستەوخۆ هەڕەشەی كوشتنی دۆناڵد ترەمپ و ئەوانە دەكات لە كوژرانی سلێمانیدا رۆڵیان هەبوو.

حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی هەموو ئەوانەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە كوشتنی قاسم سلێمانی رۆڵیان هەبووە دەبێ چاوەڕوانی تۆڵە بن.

بەگوێرەی سپوتنیك، سەلامی رووی قسەی لە دۆناڵد ترەمپ كردووە و گوتوویەتی كاتێك دەڵێن تۆڵە دەستێنن، هەڕەشەكەیان زۆر رژد و راستە و نابێت گومانتان لەو هەڕەشانە هەبێت.

سەلامی دەشڵێت "ئێمە جوامێرانە تۆڵە دەستێنینەوە و هەر لەبەرئەوەش بوو كاتێك مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدمان كرد، خۆمان حەزمان نەكرد سەربازەكان بكوژین، بەڵكو ئامانجمانە ئەوانە بكوژین كە دەستیان لە كوشتنی سلێمانیدا هەبووە."

پێویستە بگوترێ هەفتەی رابردوو ئەوە بڵاو كرایەوە كە ئێران بە تەمایە لە ئەفریقای باشوور باڵوێزی ئەمەریكا بكوژێت، پاشانیش ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران كرد ئەگەر هەر هەنگاوێك بنێت، ئەوا وەڵامێكی هەزار هێندە گەورەتر بە ئێران دەداتەوە.
وامانزانی تۆڵە دەكەنەوە، بۆیەش سەدان مووشەكمان ئامادە كردبوو

فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو هەڕەشەیەش گوتی، "لە كاتێكدا هەڕەشە دەكەن كە كێشەیەكی زۆری ناوخۆییتان هەیە و ئەوكاتەش كە هێرش كرایە سەر بنكە سەربازییەكەتان لە عێراق، وامانزانی تۆڵە دەكەنەوە، بۆیەش سەدان مووشەكمان ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی بتانپێكین، بەڵام هیچ وەڵامێكتان نەبوو."

پێویستە بگوترێ ئەوكات ئێران بە گومانی ئەوەی ئەمەریكا هێرشی كردووەتە سەر، فڕۆكەیەكی مەدەنی خستە خوارەوە و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەكانی گیانیان لە دەست دا.


وشە - سلێمان تاشان