ناوچە كوردستانییەكان سوورن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان

:: PM:01:26:19/09/2020 ‌
سەرپەرشتیاری دەنگی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە رای دەگەیەنێت، دیداری سەرۆك بارزانی مێژوویی بوو و ئێستەیش 14 ئەنجوومەنی شارەوانی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانین .
رۆژێكی مێژووییە لای ئێمە كە پەیامی ناوچەکەمان گەیاندە سەرۆک بارزانی

ئەمڕۆ شەموو 19ی ئەیلوول، عەدنان مەنسوور سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 لە خانەقین و ئەندامی پێشتری ئەنجوومەنی شارەوانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ و سێ ساڵ پێش ئێستە، دەنگی 14 ئەنجوومەنی شارەوانی سنووری ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی  دیالە و كووتمان  گەیاندە سەرۆك بارزانی، كە تێكڕای ئەو ناوچە كوردستانییانە بە كورد و عەرەب و توركمانەوە دەنگیان بەڵێیە بۆ ریفراندم و سەربەخۆی كوردستان و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێمە هاوشێوەی ئەوكات، زیاتر سوورین لەسەر دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پێشتریش گوتوومانە ئەو ناوچانە ناوچەی كوردستانی داگیركراوی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن نەك ناوچەی كێشەلەسەر.

"ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە لای ئێمە كە بەدەستی خۆمان سووربوونی 14 ناوچەی كوردستانیمان بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەیاندە سەرۆك بارزانی". عەدنان مەنسوور وای گوت.

شكور مەحموود سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆكەی خانەقین بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، سەربەخۆیی كوردستان ئاواتی هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەرە و تا ماوین خەباتی بۆ دەكەین.

شێخ محەمەد بەیاتی كەسایەتیی توركمانی سنووری مەندەلی كە ئێستە لە خانەقینە، بەهەمانشێوە بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر بە نەتەوەش جیاواز بین لەگەڵ هاووڵاتییانی كورد، بەڵام لەژێر سایەی هێزی تەناهی كوردیدا حەساوینەتەوە، بۆیە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانین.

سێ ساڵ لەمەوبەر 14 ئەنجوومەنی شارەوانی سنووری پارێزگاكانی دیالە و كووت بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا و پشتگیریی ریفراندۆمیان كرد .

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان