چین هەڕەشەی سزادانی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دەكات

:: PM:02:42:19/09/2020 ‌
چین بە فەرمی بڵاوی كردەوە هەر كەس و كۆمپانیایەكی بیانی بیەوێ زیان بە بەرژەوەندییەكانی چین بگەیەنێت، ئەوا سزای دەدات.

چین لیستێك لە ناوی ئەو كۆمپانیا و كەسانەی ئامادە كردووە سزایان بدات، ئەویش وەك هەڵوێستێك بەرانبەر ئەمەریكا بۆ درێژەدان بە سزادانی كۆمپانیا چینییەكان و رێگریكردن لە چالاكییەكانیان.

دوێنی هەینی حكوومەتی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، لە یەكشەمی داهاتووەوە كاركردنی هەریەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تیك تۆك و وی چەت قەدەغە دەكرێن و كاركردنیان نوێ ناكرێتەوە.
هێشتا چین ناوی كۆمپانیاكانی ئەو لیستەی ئاشكرا نەكردووە

هێشتا چین ناوی كۆمپانیاكانی ئەو لیستەی ئاشكرا نەكردووە بەتەمایە سزایان بدات و چاوەڕوانە ئەمەریكا لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە.

ئەمەریكا دەڵێت كاركردنی تیك تۆك لە ئەمەریكا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و لەم رێیەوە زانیارییەكان بۆ چین دەگوازرێنەوە.

بەگوێرەی بی بی سی، چینیش پێی وایە ئەمەریكا هیچ بەڵگەیەكی بۆ ئەم كارەی نییە و ئەگەر لەسەر داواكارییەكانی خۆی سوور بێت، ئەوا ئەویش بەرانبەر كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رێوشوێنی توند و سزادان دەگرێتەبەر.

لەوەتەی دۆناڵد  ترەمپ دەسەڵاتی وەرگرتووە، بەرانبەر چین پێوەندییە بازرگانییەكانی ئاسایی نەبووە و رێی لە كار و چالاكی ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا چینییەكان لە ئەمەریكا گرتووە.


وشە - سلێمان تاشان