بەهای فرۆشتنی دۆلار لە لایەن حكوومەتی هەرێم لەوەی بەغدا بەرزتر دەبێ

:: PM:04:00:19/09/2020 ‌
فرۆشتنی دۆلار لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئازاد و دادپەروەرانە، دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی ئەم دراوەی هاووڵاتییان رۆژانە سوودی لی وەردەگرن، گونجاوتر بێت و حكوومەتیش لە نرخی دۆلارەكە قازانج بكات. هەرچەندە بەبۆچوونی ئابووریناسێك نرخەكەی لە هی بەغدا بەرزتر دەبێت.

لە هەموو وڵاتێك بانكی ناوەندیی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دراوی فەرمی دۆلار دەخاتە بازاڕ و لە عێراقیش ئەو ئەركە بە بانكی ناوەندیی هاتووەتە سپاردن كە دۆلار بە نرخی هەزار و 180 دینار دەداتە بانكەكان.

هەرێمی كوردستان تا ئاستێك لەم پرۆسەیە جیاوازە، چونكە ئەو داهاتەی بە دەستی دەگات زیاتر دۆلارە و كاتێكیش دەیەوێت مووچە دابەش بكات، ئەوا پێویستی بە دینار هەیە. پێشتر جۆرێك قۆرخكاری لەم ئاڵوگۆڕە هەبووە.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی، گرووپێكی ‏ئەلیكترۆنی بۆ ئەو مەبەستە كارا دەكات كە سەرجەم بانكە ئەهلییەكان، كۆمپانیاكان و ‏نووسینگەكان كە مۆڵەتی فەرمییان هەیە بۆ گۆڕینەوەی دراو، دەتوانن ‏بەشداری تێدا بكەن. 
دەبێتە هۆكارێك حكوومەت خۆی قازانج بكات
 
بەختیار سابیر پسپۆڕی ئابووری بۆ "وشە" پێشوازی لەو هەنگاوەی حكوومەت دەكات و پێی وایە، دەبێتە هۆكارێك حكوومەت خۆی قازانج بكات و هیچ كۆمپانیایەك پرۆسەكە لە قازانجی خۆیدا قۆرخ نەكات.

ئەو روونی كردەوە ئەو نرخەش كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكان دیاری دەكات، بەرزتر دەبێت لە نرخەكەی بەغدا، ئەمەش لەبەرئەوەی سیاسەتەكەی بەغدا بۆ مەبەستی هاوسەنگیی بازاڕ و پاڵپشتیی دینارە، بەڵام ئەوی هەرێمی وەك پێویستییەك هەژمار دەكرێت.

پێشتر گلەیی ئەوە لە حكوومەت دەكرا فرۆشتنی دۆلار قۆرخ كراوە، بەڵام ئەمجارەیان نرخەكەی ئازاد دەبێت و كۆمپانیاكان خۆیان راستەوخۆ بەشداری لە كڕینی دۆلاردا دەكەن.




وشە - سلێمان تاشان