بەهۆی وەڵامی هەڵە مامۆستایەك قوتابییەكی دەكوژێت

:: PM:04:23:19/09/2020 ‌
لە رۆژی مامۆستایان لە چین كە دەكەوێتە 10ی سێپتێمبەر، مامۆستایەك لە ناوچەی "سیتچوان" لە باشووری چین، بەهۆی وەڵامی هەڵەی یەكێك لە قوتابییەكانی، سزایەكی توندی دەدات و ئەوەیش دەبێتە هۆی كوشتنی قوتابییەكە كە تەمەنی 10 ساڵە.
بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدات

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 19ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، مامۆستایەك لە چین كاتێك پرسیار لە قوتابییەكی دەكات و ئەویش بە هەڵە وەڵامی دەداتەوە، بۆیە بە توندی سزای دەدات و لێی دەدات، بەهۆی ئەو سزایەوە قوتابییەكە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانە، گیان لە دەست دەدات.

بەپێی پێگەكە كە لە رۆژنامەیەكی چینی لە هۆنگ كۆنگ دەردەچێت وەریگرتووە، كاتێك مامۆستاكە پرسیار لە قوتابییەكی دەكات كە تەمەنی 10 ساڵە، ئەویش وەڵامەكەی نازانێ و بە هەڵە وەڵام دەداتەوە، بۆیە مامۆستاكە لە بەردەم قوتابیان بە گوێچكەكانی رای دەكێشێت و بە دەستەكانی لە سەری قوتابییەكە دەدات.

پێگەكە زیاتر نووسیویەتی، دوای لێدانی قوتابییەكە، دەبوورێتەوە، بۆیە بەدوای نەنكی قوتابییەكە دەنێرن تا بیباتەوە بۆ ماڵەوە، دوای ئەوەی نەنكی دێت و دەبینێ منداڵەكەیان بووراوەتەوە، راستەوخۆ دەیباتە نەخۆشخانە، لەوێ دەردەكەوێ كە بەهۆی لێدانەوە گیانی لە دەست داوە.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەو رۆژە قوتابییەكە چەپكێك گوڵی بۆ مامۆستاكانی بردووە كە بەهۆی رۆژی مامۆستایانەوە بووە.

ئێستە كێشەكە كەوتووەتە دادگا و چاوەڕێ دەكرێ سزای مامۆستاكە بدرێ كە سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.

نە رۆژنامە چینییەكە و نە پێگە عەرەبییەكە، ناوی مامۆستا و قوتابییەكەیان ئاشكرا نەكردووە و تەنیا ئاماژەیان لە رووداوەكە كردووە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د