بازرگانێكی دراو گۆڕینەوە ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی بڕیاری حكوومەت لە شەفافبوونی گۆڕینەوە و خستنەبازاڕی دۆلار بەشێوەیەكی ئاشكرا، جارێكی تر كۆمپانیا و بانكە بازرگانییەكان كە لە ڕابردوو داخرابوون، دەگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی ئەیلوول، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراو گۆڕینەوە لە بازاڕی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری بە ئاشكرا فرۆشتنی دۆلار و خستنەبازاڕی، یەكێكە لەو بڕیارانەی ماوەی 17 ساڵە چاوەڕوانین.
ئێستە ئەگەر ئەو كارە بەردەوام بێت، جارێكی تر دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان
ئەو بازرگانەی دراو دەڵێت، لە ڕابردوودا چەندان كۆمپانیای گەورەی دراو گۆڕینەوە كە خاوەنەكانیان كورد بوون، بەهۆی نەبوونی مامەڵەی ڕۆژانەی دراو گۆڕینەوە لەگەڵ حكوومەت، هەرێمی كوردستانیان جێهێشت و لە شاری بەغدا ئەو مامەڵەیە دەكەن، ئێستە ئەگەر ئەو كارە بەردەوام بێت، جارێكی تر دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
ڕوونی كردەوە، بەو بڕیارە كۆتایی بە قۆرخكاری هات، چەند كۆمپانیایەك كە كڕین و فرۆشتنی دۆلاریان لەگەڵ حكوومەت دەستبەسەردا گرتبوو، ڕەنگە ئیفلاسیش بكەن، بەمەیش هەنگاوێكی باشی چاكسازی دەچێتە پێشەوە لە بواری دراوە بیانییەكان.
باسی لەوەش كرد، لە ساڵی 2003 ئێمە داوامان كرد كڕین و فرۆشتنی دۆلار ڕۆژانە ئاشكرا بكرێت، تا ئێستە بێ وەڵام بووینە، بۆیە ئەو بڕیارە هەنگاوێكی گرنگە.
دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاری دا ڕاستەوخۆ ڕۆژانە فرۆشتنی دۆلار بخاتە بازاڕ، ئەوەیش بەرژەوەندی چەند پەرلەمانتار و خاوەن كۆمپانیایەكی خستووە مەترسی و دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە.