سەركردەیەكی كۆمەڵ: ئەوانەی دژی ریفراندۆم وەستانەوە هەر ئەوانە بوون كوردستانیان دابەش كرد

:: AM:10:17:20/09/2020 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رای دەگەیەنێت، بوون بە دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆ كورد و هەرێمی كوردستان مافێكی شەرعی و یاساییە، راستییەكەی كاتێك مافی خۆمان بێت ببین بە دەوڵەت، ریفراندۆمیشی ناوێ و ئەوانەی كوردستانیان دابەش كرد هەر ئەوانە بوون دژمان وەستانەوە.
وەك هەر نەتەوەیەكی تر ئێمەش مافمان هەیە ببینە خاوەنی دەوڵەت

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، سدیق هەورامانی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ناكرێ بۆ پرسی بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، باسی ئەوە بكەین كە گرنگە یان نا، بەڵكو دەوڵەتبوون مافی شەرعی و یاسایی گەلی كوردە، وەك هەر نەتەوەیەكی تر ئێمەش مافمان هەیە ببینە خاوەنی دەوڵەت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كاتێك كە مافی خۆمان بێت ببینە دەوڵەت و خاوەنی خۆمان بین و سەربەخۆ بین، ڕاستییەكەی ریفراندۆمیشی ناوێ، وەك ئەوە وایە داوامان لێ بكەن ئایا دەنگ دەدەن بەوەی بژیت؟ بەڵام لەو پرسەدا دژمان وەستانەوە.

"ئێستە كە ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین، مافمان زەوت كراوە، دەوڵەت و سەربەخۆبوون مافێكی نێودەوڵەتییە، لە كاتێكدا هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان ددانیان پێدا ناوە هەموو گەل و نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە خاوەنی وڵات بێت، بەتایبەتی گەلێك خاوەنی كولتوور و زمان و جیۆگرافیا بێت". سدیق هەورامانی وای گوت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دووپاتی دەكاتەوە، ئەوانەی 100 ساڵ پێش ئێستە كوردستانیان دابەش كرد، هەر ئەوانە بوون نەیانهێشت كورد سەربەخۆ بێت، ئەم دەوڵەتانەش بۆ مەرامی سیاسیی خۆیانە، دەبوو بەرپرسانی كوردیش بەدوای رازیكردنی وڵاتان بوونایە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان