ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا

:: PM:12:17:20/09/2020 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە بارەی پرسی سووتانی دارستانەكانی چیای گۆیژە و شەقامی تاسڵووجە كۆ بووینەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 20تی ئەیلوول، ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە بارەی پرسی سووتانی دارستانەكانی چیای گۆیژە و شەقامی تاسڵووجە كۆ بووینەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە

لیژنەكەمان پێكهێناوە بۆ گرتنی ئەو كەسانەی هەوڵ دەدەن سیمای شاری سلێمانی تێكبدەن
سەرۆكی ئەنجوومەن گوتی،  لیژنەكەمان پێكهێناوە بۆ گرتنی ئەو كەسانەی هەوڵ دەدەن سیمای شاری سلێمانی تێكبدەن، لە ئەمڕۆوە لیژنەكە دەست دەكات بە بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر سووتانی دارستانەكانی گۆیژە و شەقامی تاسڵووجە.

باسی لەوەش كرد، لیژنەكە راسپێراوە كە چاوپۆشی لە هیچ كەسێك نەكەن كە ئەو كارەیان ئەنجام داوە .

ماوەی دوو هەفتەیە بەشێكی زۆری دارستان و ناوچە سەوزاییەكانی سلێمانی گڕ دەگرێت، گومانی زۆر هەیە كە بەنیازی دروستكردنی پڕۆژەی بازرگانی لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەو شوێنانە بسووتێنرێت.

پێشتر بەشێكی زۆری گۆیژە سووتا، كۆتایی هەفتەی ڕابردووش بەشێكی زۆری دار سنەوبەرەكانی ڕێی تاسڵووجە و ڕاپەڕین سووتان.



وشە - رامیار جەواد