لە ساڵی 1998ەوە لە دارستانی قەڵای خورماڵ 16 هەزار دار سنەوبەر و توو و رەزی ترێ چێنراوه، ئێستە بەهۆی ئاونەدانی نزیكەی نۆ هەزار داری تێدا ماوە و ئەوانیش بەرەو لەناوچوون دەڕۆن. بەرپرسی ژینگەیش دەڵێ، لە ساڵی 2018 خزمەتكردنی دارستانەكە ڕاگیراوە.
لەکۆی 16 هەزار دار تەنیا نۆ هەزار دار ماوە و ئەوانیش خەریکە وشک دەبن
هۆشمەند فارس چالاكی ژینگەیی لە خورماڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دارستانی قەڵای خورماڵ یەكێكە لە پڕۆژە جوان و بەنرخەكانی شارۆكەی خورماڵ، بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی ئەم پڕۆژە لە ئەستۆی هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵە، ئێستە لەو دارستانە بە سەدان دار وشك بوون و هەندێك لە دارەكانیش بڕاون.
زیاتر روونی دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵم كرد و لەوێ پێیان ڕاگەیاندم، لە ساڵی 2018وە خزمەتكردنی ئەم پڕۆژە ڕاگیراوە بە ئاگاداری فەرمانگە پێوەندیدارەكان. ئەوە لە كاتێكدایە ئەم دارستانە فەرمانبەری تایبەت بەخۆی هەیە و سەرچاوەی ئاوی باشی هەیە.
"وەك چالاكێكی بواری ژینگە بەردەوام دەبم لە بەدواداچوونم بۆ ئەم پڕۆژەیە تا بە هەموو لایەك ڕێ لە لەناوچوونی ئەم دارستانە دەگرین". هۆشمەند فارس وای گوت.
ئەنوەر مستەفا لێپرسراوی دارستان و پاوانی خورماڵ بۆ "وشه" روونی دەكاتەوە، ساڵی 1998 قەڵای خورماڵ كراوە بە دارستان و 16 هەزار داری سنەوبەر و توو و رەزی تێدا نێژراوە، 77 مینی چێنراوی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لێ هەڵگیرایەوە و لە بنەڕەتەوە ئەو شوێنە بۆ دارستان نابێت و شوێنەواری كۆنە، ئەو كارمەندانەیش كە ئاماژەیان پێ دراوە تایبەت بوون بەو دارستانە، لە شارۆكەی سەیدسادقەوە دەهاتن بۆ چاندنی دارەكان.
وەك ئاماژەی پێ دەدات، زەوییەكەی تەمتەمە خاكی تێدا نییە و درەختی تێدا سەوز نابێت، درەختیش بەردەوام پێویستی بە ئاوە بۆ مانەوە، دارستانیش دەبێت دوای ماوەیەك ئاوی نەدرێت، لە ساڵی 2018 تا ئێستە ئاومان نەداوە.
ئەو بەڕێوەبەرە نایشارێتەوە كە تەنیا شەش كرێكاری هەیە بە شۆفێرەكەیەوە و دەڵێ، ئەو كرێكارانەش هەر فریای كاركردن لە دارستانی پشتی گوندی ئەحمەدئاوا دەكەون، بە نووسراو سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە لە وشكبوونی دارستانەكه و وەڵامیان ئەوه بووە كە ئاوی دارستانی قەڵای خورماڵ نەدەین.
ئەنوەر مستەفا دووپاتی دەكاتەوە، دارستانی قەڵای خورماڵ 16 هەزار داری تێدا نێژراوە، بەڵام ئێستە نزیكەی نۆ هەزار داری تێدا ماوه و ساڵانە دارەكان وشك دەبن.
بەپێی ئەو فۆتۆ و ڤیدیۆیانەی پەیامنێری "وشه" لە دارستانی قەڵای خورماڵ تۆماری كردوون، زۆرینەی دارەكانی ئەو دارستانە بەرەو وشكبوون دەچن و مەترسی لەناوچوونی یەكجارەكی لەسەرە.
هەڵەبجە / عەزیز ڕەسووڵ