گفتوگۆی ئەمجارەی شاندی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی ھەرێم دەبێت

:: PM:02:10:20/09/2020 ‌
ئەندامێكی شاندی هەرمی كوردستان لە بەغدا ئاشكرای دەكات، سبەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە و گفتوگۆی ئەمجارەش لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجە دەبێت.
ئەمڕۆ شاندەکە دەگاتە بەغدا و بەیانی کۆبوونەوەکان دەست پێ دەکەن

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، زاگرۆس فەتاح ئەندامی شاندی كوردی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە بارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە بەغدا و سبەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدڕاڵ لەبارەی بودجەی گشتی عێراق دەست بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان دەكەین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، گفتوگۆی ئەمجارەی شاندی كوردستان لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجە دەبێت .

"تا ئێستە ھەر لەسەر ئامادەكردنی بودجەی گشتی گفتوگۆمان كردووە و ئەمجارە گفتوگۆكان لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان دەبێت". زاگرۆس فەتاح وای گوت.

شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە نوێنەری وەزارەتی پلاندانان و نوێنەری وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھاتووە، ماوەی مانگێكە ھەفتانە دوو جار لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق لەبارەی ئامادەكردنی بودجە كۆ دەبنەوە.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان