لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە دۆخی تەناهی و كۆمەڵایەتیی كەركووك رووی لە ئاڵۆزی كردووە، سەرۆكی سەپێنراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش دەڵێ، لە كەركووك حكوومەت نەماوە.
دیاردەی كوشتن و بڕین رووی لە زیادبوون كردووە
ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، جەمال مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی سەپێنراوی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت بە "وشە"ی راگەیاند، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە دۆخی تەناهی كەركووك زۆر خراپ بووە، دیاردەی كوشتن و بڕین رووی لە زیادبوون كردووە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، پارێزگای كەركووك وەك حكوومەتی لێ نەبێ ئاوایە، چونكە شارەكە لە دۆخێكی نالەباردایە لەڕووی دیاردە دزێوەكانەوە .
جەمال مەولوود دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوەكالەت پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای پێ درا، باسی لەوە كرد كە هەوڵی پشتگوێخستنی زمانی كوردیش، ئێستە چڕ كراوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە، وەك ئەندامانی پێشتری ئەنجوومەن داوای روونكردنەوە لە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە دەكەین.
زیاتر گوتی، ئێمە خۆمان بە هەڵوەشاوە نازانین و چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین كە هەڵوەشانەوەمان پووچەڵ بكاتەوە، چونكە حكوومەتی ناوەند هیچ یاسای نەبوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەكان.
لەبارەی خراپی دۆخی تەناهی و زۆری دیاردەی دزی، عەقید سامان رمەزان بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە كەركووك بۆ "وشە" گوتی، دیاردەكانی تاوان و دزی لە كەركووك روویان لە زیادبوون كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەن بەسەر ئەو دیاردانە زاڵ بن.
خراپی دۆخی تەناهی و كۆمەڵایەتی لە كەركووك دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەندان هێزی جیا هاتوونەتە ناوچەكە و لەبری پاراستنی شارەكە، بەشێك لەو چەكدارانە بەشدارن لە خراپەكاری.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی