داوای لێكۆڵینەوە لە وەرگرتنی پارە لە گەشتیارانی هەرێم دەكرێت

:: PM:04:11:20/09/2020 ‌
دوای نیگەرانی بەشێكی زۆری گەشتیاران لە بەرانبەر وەرگرتنی 60 هەزار دیناری عێراقی بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ داوای لێكۆڵینەوە دەكات و گەشتیارێكیش دەڵێ، بڕی 60 هەزار دینارم لێ وەرگیرا، زۆرم پێ سەیر بوو.
60 هەزار دینارم لێ وەرگیرا و لە پسوولەکە 25 هەزار دینار نووسرابوو

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی ئەیلوول، ئازاد عەلی كە گەشتیارێكی هەرێمە بە "وشە"ی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە رێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە سەردانی ئێرانم كرد، بەڵام لەكاتی گەڕانەوەم لە لایەن تیمی پزیشكی مەرزەكەوە لە خاكی هەرێم، بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕی 60 هەزار دینارم لێ وەرگیرا، زۆرم پێ سەیر بوو، چونكە لەسەر پسوولەی پشكنینەكە تەنیا بڕی 25 هەزار دینار نووسرابوو.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بەداخەوە ئەمە جێی نیگەرانییە، هەرچەندە پرسیارم كرد كە ئەو 35 هەزارەی تر بۆ كوێ دەچێت؟ وەڵامێكی گونجاوم دەست نەكەوت، بەڵام گەیشتمە ئەو راستییەی كە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوور لەهەر رێنوێنییەك، ئەو پارەیە وەردەگرێت.
داوامان لە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی کردووە بێت و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بێت

هاوكات لە راگەیانراوێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" ئاماژە بەوە دراوە، لەبارەی بوونی دوو پسوولە، لەكاتی وەرگرتنی پارەی پشكنینی كۆرۆنا لەو كەسانەی كە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، سەرپەرشتیاری مەرزمان پێوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێنێت و سەردانی بنكەی تەندروستی باشماخ بكات بۆ روونكردنەوە و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە راستی و دروستی ئەو بابەتە.

كارمەندێكی بنكەی تەندروستی باشماخ بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لەو 60 هەزار دینارەی بەپێی پسوولە لە گەشتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، بڕی تەنیا چوار هەزار دینار دەدرێتە ئێمەی كارمەندان و ئەوەی تری ئێمە نازانین لەلایەن ژمێریار و خەزێنەوە بۆ كوێ دەچێت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، دەكەوێتە دووری شەش كیلۆمەتری شارۆكەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، لەدوای سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، بەبڕیاری حكوومەتی هەرێم، هاتن و چوونی گەشتیاران لەو مەرزەوە قەدەغە كرا، بەڵام جارێكی تر و لە چەند رۆژی رابردوودا، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، بەپێی سیستمی داواكردن و بەچەند مەرجێك رێپێدان بۆ هاتن و چوونی گەشتیاران لە نێوان هەرێم و ئێران دەستی پێ كردووەتەوە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان