بۆڵیوود و فیلمە نوێیەكانی شارۆخان

:: PM:04:38:20/09/2020 ‌

چەندان هەواڵ و راپۆرت لەبارەی بەرهەمە نوێیەكانی ئەستێرەی بۆڵیوود "شارۆخان" بڵاو بوونەتەوە، ئاماژە بەوە دەكرێ كە بۆ یەكەمین جارە شارۆخان لەگەڵ جۆن ئەبراهام كە ئەویش ئەستێرەیەكی تری بۆڵیوودە، لە فیلمێكی نوێدا بەیەك دەگەن. هاوكات شارۆخان خەریكی فیلمێكی ترە لەگەڵ دیبیكا بادۆكۆن.
بڕیارە ئەو فیلمە نوێیە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەست بە وێنەگرتنی بكرێت

سەرچاوەكانی بۆڵیوود و رۆژنامە هونەرییەكان، هاوكات پێگەی "هیاماگ" ئاماژە دەدەن، بۆ یەكەمین جارە شارۆخان و جۆن ئەبراهام وەك پاڵەوانی سەرەكی، لە فیلمێكی نوێدا رۆڵ دەبینن، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی فیلمەكە بدەن، ئەوە نەبێ بڕیارە ئەو فیلمە نوێیە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەست بە وێنەگرتنی بكرێت. 

پێگەكە ئەوەشی نووسیوە كە چاوەڕێ دەكرێ ئەو فیلمە نوێیە زۆرترین بینەری هەبێ، بەتایبەتی پاڵەوانەكانی لە هونەرمەندە زۆر ناودارەكانی هیندستانن كە زۆرترین هەواداریان هەیە.

لەلایەكی تریشەوە شارۆخان لەگەڵ خاتوونە ئەستێرەی بۆڵیوود دیبیكا بادۆكۆن، خەریكی بەرهەمهێنانی فیلمێكن بەناوی "سانكی". هەردوو فیلمەكە بە بەرهەمی نوێی شارۆخان هەژمار دەكرێن كە لە 2021 دێنە بەرهەم.

شارۆخ تاج محەمەد خان لە ساڵی 1965 لە شاری نیودلهیی هیند لە خێزانێكی دەوڵەمەند لە دایك بووە كە باوكی خاوەنی كارگەی رۆن بووە و دایكیشی پسپۆڕی بواری كۆمەڵایەتی بووە. لە كۆتایی هەشتاكاندا هاتوەتە بواری هونەر و وەك ئەكتەر لە دراماكانی تەلەڤزیۆندا دەركەوتووە. دوای مردنی باوك و دایكی، چووەتە شاری بۆمبای و لە یەكەمین فیلمی بەناوی DIL AASHNA HAI، وەك ئەستێرەیەكی سینەما دەركەوت.

دواتر شارۆخان وەك ئەستێرەیەكی بۆڵیوود بووە خۆشەویستی خەڵك كە تا ئێستە خاوەنی دەیان فیلمە، بەڵام فیلمەكانی "Idiot” و"Raju Ban Gaya Gentleman” و"Baazigar” و"Anjaam” و"Kuch Kuch Hota Hai” و"Devdas” و"My Name Is Khan” و"Love Breakups Zindagi” لە فیلمە ناودارەكانی ئەو ئەستێرەیەن. 


 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د