هەڵبژارنی پێشوەختەی عێراق لە نێوان ئەستەمی و یاری گەورەكاندا

:: PM:04:59:20/09/2020 ‌

تا ئێستەیش بینە و بەردەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختە و بازنەكانی هەڵبژاردن بەردەوامە، ئەوان وەك هەمووجار و هەر بابەتێكی تر بەرژەوەندییەكان لە یەكیان دووردەخاتەوە، دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان لەوبارەوە، ئەوان هەوڵی رێككەوتن دەدەن، كاتێك بڕیارە كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە ساز بكەن.
زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێت
د ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەبارەی هەڵبژاردن و ئەگەری سازكردنی بۆ "وشە" روونی كردەوە، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف، لە كۆبوونەوەی دوایی لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دووپاتی لە هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە و بەپێی یاسایەكی پاك و دادوەرانە كردەوە، كەچی تا ئێستە هێزە سیاسییەكان لە نێوان خۆیاندا ململانێ دەكەن، بەشێكیان دیانەوێ عێراق بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بەشێكیان هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت و بەپێی سیستمی كۆن، بەشێكیان دەیانەوێ هەر پەرلەمانتارێك بازنەیەك بێت، هەیانە دەیانەوێ پارێزگایەك بكەنە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن، بۆیەو هیچ رێككەوتنێك نییە.

زیاتر گوتی، ئەوەیە هەیە ئەوان تەنیا بەرژەوەندییەكان كۆیان دەكاتەوە، هەرچی ئەوەیە كە پاڵپشتی لە هەموو قسەكانی سیستانی دەكەن، ئەوانە تەنیا قسەن و وەك پێشینان گوتوویانە، قسە هەزارە دووانی بەكارە، بۆیە هێزە سیاسییەكان قسەیان زۆرە و تەنیا ئەوەی لە بەرژوەندی خۆیانە دەیكەن، روونی كردەوە، چەند پاساوێك بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەن، یەكەمیان تا ئێستە ناكۆكیی گەورە لەبارەی پاشكۆی بازنەكانی هەڵبژاردن لە بازنەی هەڵبژاردن هەیە، دووەم تا ئێستە یاسای دادگای فیدراڵ هەموار نەكراوەتەوە، ئەوانە لە رووی یاسادانانەوە، لە بەرانبەردا هەیە دەیەوێ هەڵبژاردن بە مەرجی دیاریكراوەوە بەڕێوە بچێت، هەشیانە دەیەوێ دەنگدان بایۆمەتری بێت، هەیانە دەیەوێ بەپێی كارتی كۆنی دەنگدان بێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر بواری ساختەكاری بێتە ئاراوە، هەیانە باسی داماڵین و كۆنترۆڵكردنی چەكی بەڕەڵا دەكات، ئەوەیش زۆر زەحمەتە و ناتوانرێت ئێستە جێبەجێ بكرێت.

شنگالی دووپاتی كردەوە، پێم وایە كەسان و لایەنێك هەن لەناوەوە و بە شاراوەیی نایانەوێ بەهیچ شێوەیەك هەڵبژاردن بكرێت، كەچی بەئاشكرا پاڵپشتی ئەنجامدانی دەكات، ئەوەیە سیناریۆ راستەقینەكەی ئەوانە هەیانە، بۆیە جگە لەوانە تەنیا قسەكردنە و هیچی تر. 

ئەحمەد مەزهەر جبووری، پەرلەمانتاری سوننە دەڵێت، گەڕانەوە بۆ یەكبازنەیی هەڵبژاردن ئەستەمە، چونكە ئەوە پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنە كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و باسی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان دەكات، روونی كردەوە، تا ئێستە ئەو بابەتە كێشە و ناكۆكی لەسەر هەیە بابەتی دەنگدان لەسەر پاشكۆی یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە كاتی زۆر لە پەرلەمان هەیە، بۆیە كێشەی ئێستە هەیە، چۆنیەتی دیاریكردنی بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگایەك بە یەك دوو بازنە یان زیاتر، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و هێزە سیاسییەكان لە چەند رۆژی داهاتوو بەمەبەستی چارەسەركردنی تەنگژەكە و یەكلاكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن كۆ دەبنەوە.

لای خۆیەوە زەیتوون دلێمی، پەرلەمانتاری سوننە پێشبینی كرد كە رێككەوتن لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و بازنەكانی دەنگدان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بكرێت، بۆیە كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان بۆ ئەو مەبەستە و گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بەردەوامە، بەڵام تا ئێستەیش ناكۆكی سیاسی ماوە و روونی كردەوە، ناكۆكییەكە لەبارەی ژمارەی بازنەكان و دابەشكردنی جوگرافیانە، هۆكاری دەنگنەدانیش لەبارەی یاساكە لە پەرلەمان دوو هۆكارە، یەكەمیان سیاسی و دووەمیان تەكنیكی، دووپاتی كردەوە سەرانی فراكسیۆنەكان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بڕیارە بگەن بە رێككەوتن لەوبارەوە.

ئەحمەد كنانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح روونی كردەوە، پەرلەمان لە چەند رۆژی داهاتوو دەنگ لەبارەی هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵ دەدات، بۆیە هێزە سیاسییەكان هەموویان لەسەر هەمواری یاساكە رێككەوتوون و هەموو كێشەكان چارەسەر كراون و ئێستە هیچ بەربەستێك بۆ تێپەڕكردنی نەماوە، بۆیە پەرلەمان لە چەند رۆژی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاساكە دەكات.

لای خۆیەوە محەمەد خالدی، پەرلەمانتاری سوننە و سەرۆكی لیستی بەیارق ئەلخەیر روونی كردەوە، پاشكۆی یاسای هەڵبژاردن بەهۆی میكانیزمی پشتبەستن بە كارتی بایۆمەتری دەنگدان لەبەری كارتی كۆن رووبەڕووی بەرهەڵستكارییەكی گەورە بووەتەوە، روونی كردەوە، ناكۆكی لەبارەی سەرژمێری دانیشتوانەوە هەیە، جیا لە بوونی 80 شارۆكە كە ناكۆكی لەبارەی سنووری كارگێڕیانەوە هەیە، دووپاتی كردەوە، پەرلەمان بابەتە سیاسییەكان لەئەستۆ دەگرێت و حكوومەت و كۆمسیۆنیش بابەتە تەكنیكییەكان، ئەوانە وایان كردووە ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان ترسیان لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەبێت، ئەگەر پشت بە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری نەبەسترێت، لەوكاتەی فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری فەتح دووپاتی كردەوە كە لایەنی پێوەندیدار پشت بە سەرژمێری دانیشتوانی 2010 لە دیاریكردنی بازنەكانی دەنگدان لە پارێزگاكان دەبەستن و چەندان بۆچوونیش لەبارەی فرەبازنەیی پارێزگاكان هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل