لەوكاتەی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە دژی هاووڵاتییانی سووریا بەردەوامە، راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ ئەو پێشێلكاری و تاوانكارییانە دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی روو دەدەن.
پێشێلكارییەكان زیاتر بەرانبەر كورد و كریستیان ئەنجام دراوە
بەپێی راپۆرتی نیوە ساڵانەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ماوەی ئەمساڵدا، چەندان پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە ناوچەكانی سووریای ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی پاڵپشتیان لێ دەكات، رووی داوە، وەك ئاماژەیەك بۆ چالاكی توندوتیژی و تاوانكاری لەوەتەی ئەو هێزانە چوونەتە ناوچەكانی عەفرین و جەرابلس و ئیدلب و گرێ سپێ، بەر لە سێ ساڵ روویان داوە.
وەك رۆژنامەی "جۆرشالیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتەكەی گواستەوە، لەو ماوەیەدا كوشتن و رفاندن و راگواستن و زەوتكردنی موڵك و زەویوزار زۆری بووە، پێشێلكارییەكان زیاتر بەرانبەر ژن و منداڵ و بە پلەی یەك دژ بە كورد و ئێزیدییەكان و كریستیان ئەنجام دراوە، كە زۆرێكیان دووچاری پاكتاوی رەگەزی بوونەتەوە لەو ناوچانەدا.
راپۆرتەكە باسی ئەوە دەكات چۆن توندڕۆكانی توركیا پاڵپشتیان دەكات، پیاوە گیراوەكانیان لە ناوچەی عەفرین ناچاری سەیركردنی دیمەنی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچانی بچووك كردووە، جیا لە ناچاركردنی 150 هەزار هاووڵاتی كورد بۆ هەڵاتن لە ناوچەكانیان، ئەوەیش لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە پرۆسەیەكی هاوشێوەی پاكتاوی رەگەزی لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو لە ناوچەی بەلكان ئەنجام درا.
ئەنجوومەنەكە لە بەیاننامەیەك روونی كردەوە، لە قوربانیانی ئەو پێشێلكاریانە، بریتین لەوانەی بەرهەڵستكاری ئەو گرووپانەی سەر بە توركیا دەكەن یان رەخنە لە كارەكانیان دەگرن، جیا لە كەسانی دەوڵەمەند و دەسترۆیشتوو بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە لێیان، نووسینگەكە كوژرانی 116 هاووڵاتی و برینداربوونی 460 كەسی تری لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 14ی ئەم مانگە تۆمار كردووە، بەهۆی بۆمبی چێنراو و پاشماوەی تەقەمەنییەوە.